
ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری:
كەركوك هیچ بەرگرییەكی ئاسمانی نەماوەو ئاسایشى شارەكەش لەلایەن 34 ئەفسەر لە دەرەوە بەڕێوەدەبرێت
باسک نێت
مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، کەرکوک هیچ بەرگرییەكی ئاسمانی نەماوە، ئاسایشی پارێزگاکەش لەلایەن 34 ئەفسەرەوە بەڕێوەدەبرێت لە دەرەوەی شارەكە.
مازن غەریب، لە میانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی “الاولی” هۆشداری دا لە بۆشاییەكی ئەمنی مەترسیدار كە درێژییەکەی 170 کیلۆمەترەو پانی 8 کیلۆمەترە بەدرێژایی سنوری هەرێمی کوردستان و بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ جموجۆڵی داعش و باندە تاوانکارەکان.
ئەو پەرلەمانتارە روونیشكردەوە، لەم دوو هەفتەیەی دواییدا شەڕو پێکدادانی چەکداری لە ناوچەکانی حەویجەو وادی شای و زەغیتون پەرەی سەندووە، داواشی کرد پەلەبكرێت لە پێكهێنانی دوو لیوای هاوبەش لە نێوان هەولێرو بەغداد، بۆ داخستنی ئەو بۆشاییە و پاراستنی ئاسایشی سنورەکە.




