
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی:
ژمارەیەك ئەفسەری باڵاو پێنج ئەندازیار دەستگیركران
”
باسک نێت
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، دەستبەسەركردنی ژمارەیەك ئەفسەری باڵای وەزارەتی بەرگری و پێنج ئەندازیاری بەڕێوەبەرایەتی کارە گشتیەکان رادەگەیەنێت، بە تۆمەتی گەندەڵی پەیوەست بە گرێبەستێک بۆ نۆژەنکردنەوەو پێشخستن و دابینكردنی کەلوپەل بۆ نەخۆشخانەی هێزی ئاسمانی روستەمیە.
دەستەكە لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، ئەو تیمە مەیدانییەی بۆ وردبینی و بەدواداچوون بۆ گرێبەستەکانی وەزارەتی بەرگری پێکهێنراوە، بە هاوکاری هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا، فەرمانی دادوەری دادگای تاوانەکانی گەندەڵیان بۆ دەستگیركردنی لیوایەك و عەقیدێک و عەمیدێک و پێنج ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتی کارە گشتیەکان جێبەجێکردووە.
دەستەی دەستپاكی ئاماژە بەوەشدەكات، ئۆپەراسیۆنەکە دوای وردبینی و لێکۆڵینەوە کە لەلایەن تیمێكی دەستەكەوە ئەنجامدراوەو ئەرکی پێداچوونەوە و لێکۆڵینەوەی گرێبەستەکانی حکومەتیان پێسپێردراوە، لەم بەدواداچوونانەدا دەرکەوتووە گومانی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی و سەرپێچییەکی جددی لە ڕێکارەکانی پێدان و نرخدانانی ئەو گرێبەستەدا هەیە لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی کارە سەربازییەکان و کۆمپانیایەکی بیانی بە بڕی (٩٢،٨٨٣،٣٩٦،٢٧٠) نەوەد و دوو ملیار دینار ئەنجامدراوە.
گرێبەستەکە بەشێوەی راستەوخۆ رەوانەى جێبەجێكردن كراوە بەبێ ئەوەی هیچ کێبڕکێیەك پەیڕەو بکرێت، لەگەڵ بوونی زیادەڕۆییەكی بەرچاو لە نررخەكان بۆ زۆرێک لە بڕگەکانی، جگە لە چەندین گۆڕانکاری کە بە شێوەیەکی بەرچاو تێچووی خەمڵێنراوی گرێبەستەکەی زیادکردووە.




