
پانۆراماى ئاوى گۆپتەپە – چەمچەماڵ لە (2008 – 2026)
بارام سوبحی ✍️باسک نێت
یەکەم:
سەرۆکى شارەوانى چەمچەماڵ ڕایگەیاند لە (19/2/2008) دیزاینى پڕۆژەى ئاوى گۆپتەپە – چەمچەماڵ دەستى پێکردوە، لەلایەن زانکۆى دهۆکەوە بەبڕى (375) هەزار دۆلار لەسەر بودجەى وەزارەتى شارەوانى جێبەجێ دەکرێت، لە ماوەى شەش مانگدا تەواودەبێت، دواى تەواوبوونى دیزاین یەکسەر پڕۆژەکە جێبەجێ دەکرێت.
دووەم:
بەڕێوەبەرى ئاوى چەمچەماڵ: لە (2/7/2008) دیزاینى پڕۆژەکە تەواوبوو، بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکە پێویستى بە (109) ملیۆن دۆلار و ماوەى دوو ساڵ کارکردن هەیە.
سێیەم:
نەوزاد حەمید قایمقامى چەمچەماڵ لە (10/8/2009): پڕۆژەى ئاوى گۆپتەپە خراوەتە بەرنامەوە و بڕى (110) ملیۆن دۆلارى پێویستە.
چوارەم:
تارق ڕەشید قایمقامى چەمچەماڵ لە (18/7/2012): گرنگترین پڕۆژەى ئەمساڵ ڕاکێشانى ئاوى گۆپتەپەیە کە لە بودجەى تایبەتى ئەنجومەنى وەزیران بڕى (120) ملیار دینارى بۆ تەرخانکراوە.
پێنجەم:
ڕۆژنامەنووسانى چەمچەماڵ لە (3/5/2013) داواکارییە سەرەکییەکانى دانیشتوانى چەمچەماڵیان گەیاندە ئەرسەلان بایزى سەرۆکى پارلەمانى کوردستان کە دیارترینیان جێبەجێکردنى پڕۆژەى ئاوى گۆپتەپە – چەمچەماڵ بوو.
شەشەم:
ئامانج محەمەد قایمقامى چەمچەماڵ لە (15/9/2013): لە ماوەى کەمتر لە دە ڕۆژى ئایندەدا پڕۆژەى ئاوى گۆپتەپە دەخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیاى نۆکان جێبەجێ دەکرێت، لەماوەى دوو ساڵدا تەواو دەکرێت و بودجەکەى (120) ملیار دینارە.
حەوتەم:
قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەت ڕۆژی (٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤)، پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵی بەسەر کردەوە. پرۆژەکە بە گوژمەی (٧٨) ملیۆن دۆلار چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بڕیارە لە ماوەی (٧٣٠) ڕۆژدا تەواو بکرێت. جێگری سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند: نابێت بە هیچ هۆکارێک کارکردن لە پرۆژەکە بوەستێت و داوایکرد کۆمپانیای جێبەجێکار لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا کارەکانی پرۆژەکە تەواو بکات.
هەشتەم:
سەرلەبەیانی (20/6/2026) ئەندازیار ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم سەردانی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە _ چەمچەماڵی کرد. لەکۆبونەوەیەکی هاوبەشدا باس لەدوایین گۆڕانکاریەکانی پرۆژەکە کرا کە ڕێژەی تەواوبوونی بریتیە لە (%38 _ 40).
نۆیەم:
قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەت لە (5/7/2026): لە کۆبوونەوەم لەگەڵ تیمی کۆمپانیای هابیکا بەدواداچوونم بۆ چۆنییەتی بەڕێوەچوونی کارەکانی هەردوو پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ و هێڵی ٣ی دوکان – سلێمانی کرد. بریاڕماندا لەسەر خەرجکردنی بەشێک لە بودجەی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ. جەختمان کردەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٦ پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ لە ئەولەوییەتی کارەکانماندایە و دەبێت لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا تەواو بکرێت.
دەیەم:
قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەت لە (14/7/2026): ئەمڕۆ پڕۆژەکەم بەسەر کردەوە، تائێستا (٥٠٪) کارەکانی تەواو بووە. پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ ئەولەوییەتی ئێمەیە و بە هەر نرخێک بێت، دەبێت لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا تەواو بکرێت. سوپاسی کۆمپانیای جێبەجێکار و ئەندازیاران و کرێکارانی پڕۆژەکەم کرد. دڵنیام کردنەوە هەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکەین و رێگە نادەین کارکردن لە پرۆژەکە پەکی بکەوێت.
سەرچاوەکان: ڕۆژنامەى چەرموو، پەڕەى فەرمى قوباد تاڵەبانى لە فەیسبوک، پەڕەى فەرمانگەى ئاوى چەمچەماڵ لە فەیسبووک.




