
پێنج لایەنی دیاری شیعەكان بەمزوانە هاوپەیمانی بەهێزەكان رادەگەیەنن
”
باسک نێت
سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادارەكان لە عێراق ئاشکرای دەكەن، بەمزوانە هاوپەیمانییەکی سیاسی نوێ کە ناوی لێنراوە “هاوپەیمانی بەهێزەکان” رادەگەیەنرێت.
بەوتەی سەرچاوەكان، هاوپەیمانییەکە نزیکەی 75 ئەندامی پەرلەمان لە هێزەكانی لە چوارچێوەی هەماهەنگیی لەخۆدەگرێت، لە هەنگاوێكدا كە دەوترێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دابەشبونی هێزە شیعییەكان و رێگریکردنە لەوەی کە بە دزینی شایستە سیاسییەکان ناوبراوە.
بەوتەی میدیا عێراقییەكان، هاوپەیمانییە نوێیەکە بریتین، لە نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، فالح فەیاز، سەرۆکی بزوتنەوەی عەتا، هومام حەمودی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و ئەحمەد ئەسەدی، سەرۆکی فراكسیۆنی سەند.
ئەم جوڵەیە دوای ئەو گرژییانە دێت کە لە دانیشتنی راسپاردنی سەرۆک وەزیران و ئەو جیابونەوەیەی لە ناو هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان سەریهەڵدا، ئەمەش وایکرد ئەو پێنج هێزە سیاسییە بەرەیەکی سیاسی یەکگرتوو پێکبهێنن بۆ ڕاگرتنی پارچەبوونی زیاتر و پاراستنی یەکگرتوویی چوارچێوەی هەماهەنگی.
هەر بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان، هاوپەیمانییە نوێیەکە هەوڵدەدات هاوکێشەیەکی سیاسی نوێ لە قۆناغی داهاتوودا بسەپێنێت، هەروەها پێگەیەکی یەکگرتوو لە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتدا مسۆگەر بکات و رێگری لە هەر هەوڵێک بكات كە بۆ لاوازکردنی ئەو هێزانە دەدرێت لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدان.




