
کۆتایی جیهانگیری و دیمەنە نوێیەکانی ململانێی ئەمریکا و چین
د . ئارام ئەحمەد ✍️باسک نێت
لە سایەی وەرچەرخانە نوێیەکانی سیستەمی نێودەوڵەتیدا، پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری گەلی چین لە چوارچێوەی “هاوسەنگیی هێز” لایداوە و چووەتە قۆناغی “ململانێی بوونیادنەر و وێرانکەر”. ئەم هاوکێشەیە تەنها کێبڕکێیەکی کلاسیکیی نێوان دوو جەمسەر نییە، بەڵکو گوزارشتە لە بەریەککەوتنی دوو جیهانبینیی جیاواز بۆ بەڕێوەبردنی “ئەنارشیی جیهانی” و داڕشتنەوەی نەزمی نوێ لە سەدەی بیست و یەکەمدا.
ئەو گرژییەی ئەمڕۆ لە نێوان واشنتۆن و پەکیندا دەبینرێت، ڕەنگدانەوەی مێژوویی “تەڵەی تۆسیدیدس”ە؛ ئەو یاسا نەنووسراوەی کە دەڵێت: هەڵکشانی هێزێکی نوێ (Rising Power) و هەستکردنی هێزی باڵا (Ruling Power) بە مەترسی، جەنگ دەکاتە دەرەنجامێکی حەتمی یان لانی کەم “پێکدادانی پێکهاتەیی”. لێرەدا “پارادۆکسی ئاسایش” (Security Dilemma) دەردەکەوێت؛ هەر هەوڵێکی چین بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە زەریای هێمن، لەلایەن ئەمریکاوە وەک هەوڵێک بۆ تێکدانی “ستاتۆ کۆ” (Status Quo) دەبینرێت. ئەم دۆخە جیهانی خستووەتە ناو بازنەیەکی داخراو لە “خۆپڕچەککردنی عەقڵانی”، کە لە ئەنجامدا نائارامییەکی جیهانیی ناعەقڵانی بەرهەم دەهێنێت.
ئەو ستراتیژییەی واشنتۆن لە ساڵانی نەوەدەکاندا پەیڕەوی کرد، کە لەسەر بنەمای “ماڵیکردنی چین” لە ڕێگەی ئابوورییەوە داڕێژرابوو، تووشی شکستێکی گەورە بوو. ڕۆژئاوا وا تێگەیشتبوو کە “کاپیتالیزم” بە ناچاری “دیموکراسی” بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەڵام پەکین مۆدێلێکی نوێی پێشکەش کرد: “کاپیتالیزمی دەوڵەتی” لە ژێر سایەی ناسیۆنالیزمێکی قووڵدا. چین توانی تەکنەلۆژیا و جیهانگیری وەک ئەسپی تەروادە بەکاربهێنێت بۆ تێپەڕاندنی “سەدەی شەرمەزاری” و گەڕانەوە بۆ ناوەندی مێژوو.
ئەمە نیشاندەری کۆتایی ئەو “ئۆتۆپیایە” بوو کە پێی وابوو جیهان تەنها یەک مۆدێلی حوکمڕانی قبوڵ دەکات.
لە کاتێکدا ئەمریکا ئابوورییەکەی بەرەو “سێرڤیسیزم” و دارایی و دیجیتاڵیزەبوون برد، چین بوو بە “کارگەی جیهانی” و ژێرخانی فیزیکیی جیهانی کۆنترۆڵ کرد. ئەمڕۆ ململانێکە لە نێوان “هێزی نەرم و دارایی” ئەمریکا و “هێزی ڕەق و پیشەسازی” چیندایە. توانای پیشەسازیی چین بۆ بەرهەمهێنانی خێرا، مانای وەرچەرخانی “هێزی ئابووری”یە بۆ “باڵادەستیی سەربازی”.
وابەستەیی ئەمریکا بە زنجیرەی دابینکردنی چینی، جۆرێک لە “ئیفلیجیی ستراتیژی” بۆ بڕیاربەدەستانی واشنتۆن دروست کردووە، چونکە هەر لێدانێک لە چین، لێدانە لە سیستەمی ناوخۆیی ئەمریکا.
لەلایەکی تر، ململانێی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دژایەتیکردنی جەمسەری ئێران، تەنها پرسێکی ناوچەیی نییە، بەڵکو بەشێکە لە ستراتیژیی “گەمارۆدانی چین”. کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز لەلایەن ئەمریکاوە، بە واتای گرتنی شاخوێنبەری وزەی پیشەسازیی چین دێت.
چین لەم هاوکێشەیەدا “بێدەنگیی ستراتیژی” هەڵبژاردووە؛ ئەو وەک “فری-رایدەر” (Free-rider) لەسەر ئاسایشێک دەژی کە ئەمریکا دابینی دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا ئامادە نییە تێچووی سیاسی و سەربازیی قەیرانەکان بگرێتە ئەستۆ.
بێدەنگیی پەکین لە بەرامبەر هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی وزە، دەری دەخات کە چین هێشتا وەک “زلهێزێکی بەرپرسیار” لە سیستەمی
جیهانیدا دەرنەکەوتووە، بەڵکو تەنها وەک “وەبەرهێنەرێکی بەرژەوەندیخواز” مامەڵە دەکات.
بۆیە دیدارەکانی ئاستی باڵای نێوان واشنتۆن و پەکین، زیاتر لەوەی دیپلۆماسی بن، “شانۆگەریی سیاسی” و سیمبولین. کۆبوونەوە لە “پەرستگای ئاسمان” ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ دابەشکردنی جیهان بۆ دوو جەمسەر. بەڵام بردنی سەرکردە ئەمریکییەکان بۆ “تزونگنانهای” (ناوەندی بڕیاری داخراوی حیزب)، پەیامێکی ڕوونە: چین نەک هەر نابێتە لیبڕاڵ، بەڵکو دەیەوێت مۆدێلی “سیستەمی داخراو و حوکمی تاکڕەو” وەک جێگرەوەیەک بۆ دیموکراسیی ڕۆژئاوایی جێگیر بکات. ئەمە ململانێی “مۆدێلەکانە”؛ مۆدێلێک کە تێیدا خەڵک سەرچاوەی دەسەڵاتە، بەرامبەر مۆدێلێک کە تێیدا “حیزب” یان “نوخبەی دەسەڵات” چەقی هەموو بڕیارەکانە.
کورت و پوخت، ئێمە لەبەردەم جەنگێکی ساردی نوێداین، بەڵام بە جیاوازییەکی کوشندە: دوو ڕکابەرەکە لە یەک جەستەدا دەژین.
جیهانگیرییەک کە ئەمریکا دروستی کرد، ئێستا بووەتە زیندانێک کە تێیدا واشنتۆن و پەکین ناچارن پێکەوە بن، لە کاتێکدا هەوڵی لەناوبردنی یەکتر دەدەن. بێدەنگیی چین لە قەیرانەکان و پاشەکشەی ئەمریکا لە پارێزگاریکردن لە بازرگانیی ئازاد، جیهان بەرەو قۆناغێکی “ناڕوونیی ستراتیژی” دەبات، کە تێیدا تێچووی ئاشتی لە تێچووی جەنگ گرانتر دەبێت. لووتکە سیاسییەکانی داهاتوو تەنها کڕینی کاتن بۆ تەقینەوەیەک کە ڕەنگە نەزمی جیهانی بە تەواوی دابڕێژێتەوە.




