كەش و هەوا
تاوەباران و هەورە بروسکە بەڕێوەیە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە 16-05-2026، ئاسمانی هەرێم پەڵەهەور و نیمچەهەور دەبێت. لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ، لە زۆربەی ناوچەکان پێشبینی بارینی تاوەباران و هەورەبروسکە دەکرێت. هەروەها تۆزێکی سووک لە کەشدا دەبێت، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشووری هەرێمی کوردستان.
پلەکانی گەرما بۆ ئەمڕۆ بە بڕی 2 بۆ 3 پلە نزمتر دەبنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ. خێرایی با لە نێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت و ئاراستەکەشی بەرەو باکووری خۆرئاوا دەبێت. مەودای بینین لە نێوان 7 بۆ 9 کیلۆمەتر دەبێت.
بۆ سبەی یەکشەممە 17-05-2026، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت. لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان، لە هەندێک کاتدا پێشبینی تاوەباران و هەورەبروسکە دەکرێت. تۆزێکی سووک لە کەشدا دەمێنێتەوە و پلەکانی گەرماش 1 بۆ 3 پلەی دیکە نزم دەبنەوە.




