ئەرشیفى بزووتنەوەبزووتنه‌وه‌ی ئیسلامینوسەران

لە ساڵیادی ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی ئیسلامیدا

لە ساڵیادی ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی ئیسلامیدا

د.مەتین ئەحمەد✍️باسک نێت
یادەوەریی کاروانێکی دورودرێژ دەکەینەوە کە تێیدا قوربانیدانی شاخ و سەبری شار تێکەڵ بوون؛

کاروانێک کە تێیدا وەفاداری بۆ پرەنسیپەکان و کارکردن لەناو خەڵک و خزمەتکردنیان کۆبوونەوە. بزوتنەوەی ئیسلامی لە قۆناغە جیاوازەکانیدا، لە مەیدانەکانی بانگەواز، فیکر و خەباتدا ئامادەیی هەبوە، خەمی نەتەوەی هەڵگرتوە و بەرگریی لە ناسنامە و بەهاکانی کۆمەڵگە کردوە، تا ئەو ڕادەیەی بۆتە ئەزمونێکی چەسپاو لە هۆشیاریی نیشتمانی، نەتەوەیی و ئیسلامیدا.

قۆناغی شاخ و شار بە یەک ڕۆح و یەک دۆزەوە گرێدرابون؛ چیاکان تەنها ڕەمزی خۆڕاگری و قوربانیدان نەبوون، وەک چۆن شارەکانیش مەیدانی ئاوەدانکردنەوە، کارکردن و ڕێکخستن بوون. لەو کاروانەدا، هەزاران ڕۆحی پاکی شەهیدان بەرز بوونەوە کە ژیانی خۆیان لە پێناو ئایین، نیشتمان و کەرامەتدا بەخشی، بە خوێنی خۆیان لاپەڕەی نەمریا لە مێژووی بزووتنەوەی ئیسلامیدا نووسییەوە و مانای باوەڕ و خۆڕاگرییان لە سەختترین هەلومەرجەکاندا چەسپاند.

دەستکەوتەکانی بزووتنەوە تەنها لە سنووری قوربانیداندا نەوەستان، بەڵکو لە ماوەی ساڵانی تەمەنیدا توانی سەدان کادیری لێهاتوو و کەسایەتیی زانستی، فیکری و ئیداری پێبگەیەنێت، کە بەشدارییان کرد لە خزمەتکردنی کۆمەڵگە، بونیادنانی دامەزراوەکان و پەرەپێدانی ژیانی سیاسی، ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی.

بەمەش بزووتنەوە بوو بە قوتابخانەیەک بۆ پێگەیاندنی سەرکردە و دروستکردنی ئەو توانایانەی کە دەتوانن بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و بە دڵسۆزی و لێهاتووییەوە خزمەتی نیشتمان بکەن.
هەروەها بزووتنەوەی ئیسلامی سەرکەوتوو بوو لە دروستکردنی ئامادەییەکی دیپلۆماسیی کاریگەر لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، ئەوەش لە ڕێگەی پەیوەندییە هاوسەنگەکان و دیدگا سیاسییە هۆشیارانەکەیەوە؛ دەورێکی گرنگی هەبوو لە گەیاندنی دەنگی گەل و دۆزەکەی بە ناوەندە جیاوازەکان و بەرزکردنەوەی پێگەی خۆی لە چوارچێوەی ڕێزگرتن و هاوکاریی هاوبەشدا.
یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی ئەم بزووتنەوەیە ئەوە بوو کە لە نێوان ناسنامەی ئیسلامی و ڕۆحی نیشتمانی و نەتەوەییدا کۆی کردەوە؛ بڕوای وابوو کە خزمەتکردنی نیشتمان و بەرگری لە مافەکانی گەل بەشێکی ڕەسەنە لە پەیامەکەی، و هەوڵی دا بۆ چەسپاندنی بەهاکانی دادپەروەری، پێکەوەژیان و کەرامەتی مرۆیی، لەگەڵ پاراستنی ناسنامە و بنەما ڕەسەنەکان.
ئەمڕۆ و دوای کاروانێکی پڕ لە ئاستەنگ و قوربانی، بزووتنەوەی ئیسلامی هەنگاو بە هەنگاو بەرەو گەشەسەندن و نوێبوونەوەی زیاتر دەچێت، پشتئەستوور بە مێژوویەک لە سەبر و بەخشین، و چاوەڕوانی داهاتوویەکی گەشتر و سەقامگیرترە کە لە نێوان ڕەسەنایەتی و هاوچەرخبوون، و لە نێوان وەفاداری بۆ پرەنسیپەکان و کرانەوە بەڕووی پێداویستییەکانی سەردەمدا کۆبکاتەوە.

درود بۆ گیانی پاکی شەهیدان، و خوای گەورە ئەو دڵسۆزانە بپارێزێت کە بە ڕاستگۆیی و ئیمانەوە ئەم ئەمانەتەیان هەڵگرت، تا بزووتنەوەی ئیسلامی وەک ناونیشانێک بۆ خۆڕاگری، بەخشین و خزمەتی نیشتمان و مرۆڤایەتی بمێنێتەوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close