ئەرشیفى بزووتنەوەبزووتنهوهی ئیسلامیرابــهری گشتی
مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی لە شاری سلێمانی كۆبووەوە

مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی لە شاری سلێمانی كۆبووەوە
ئەمرۆ پێنج شەمە 21ی ربیع الاولی 1448ی كۆچی بەرانبەر بە 3/9/2026 بەسەرپەرشتی بەڕێز مامۆستا عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی، مەكتەبی سیاسی كۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
سەرەتا بەڕێز رابەری گشتی باسی بارودۆخی ئێستای عێراقی كرد و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، تێكچونی ئاسایش و ئارامی ناوچەكە هەموان تێیدا زیانمەند دەبین و تەئكیدی لەسەر پاراستنی ئاسایش و ئارامی كردەوە.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا تەئكیدی لەسەر بنەبڕكردنی گەندەڵی و مشەخۆری كردەوە كەوا لە بەغداوە دەستیپێكردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، پێویستە چاوپۆشی لە هیچ كەس نەكرێت لە هەر ئاستێكدا بێت و ئەگەر خیانەتی لە ماڵی گەل كردبێت، ئاشكراشیكرد، دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانیش هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی هەركەسێك پۆست و پلەی بەكارهێنابێت بۆ بەرژەوەندی خۆی سزا بدرێت و لێپێچنەوەی لەگەڵدا بكرێت.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی باس لە شەڕ و ئاڵۆزییەكان كراو تەئكید كرایەوە كە دەبێت هەرێمی كوردستان و قەوارەكەی بپارێزرێت كە هەموان بەرپرسن لە ئاست جەماوەری كوردستان.
مەكتەبی سیاسی جەختی لەوە كردەوە، كە لەم بارودۆخە ناهەموارەی بەسەر هاوڵاتیاندا هاتووە، بەشێوەیەك ژیان زۆر سەخت بووە و هەلی كار نییە بۆ گەنجەكان و بێكاری هەرێمەكەی تەنیوە و لەبەرانبەریشدا مەترسیەكی دیكەی ترسناك رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە كە بازرگانیكردنە بە مرۆڤ و مادەی هۆشبەر كە بەشێوەیەكی ترسناك رووی لە زیادبوون كردووە لە عێراق و هەرێم كە مەترسیە بۆ سەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی و دەبێت هەموان دژی بوەستینەوە و رێگا چارەیەك دابنێین بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان، ئەگەرنا كۆمەڵگە بەرەو هەڵچوون و تێكچوون و لەناوچوون دەبات.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە باس لە بەستنی كۆنگرەی پەیوەندی ئیسلامی خوێندكاران كرا كە بریارە وایە لە چەند رۆژی داهاتوو ببەسترێت و دەستخۆشیش لە لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرە كرا و هیوای خواست سەرجەم لاوان و خوێندكاران بە جدییەوە هەوڵ بۆ سەرخستنی كۆنگرەكە بدەن و گەنجی نوێ بێنە پێشەوە بۆ خزمەت كردن بە خوێندكاران و پارێزگاری لە بەها باڵاكان بكەن.
پاشان باس لە گرنگیدان بە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان كرا و لای خۆیەوە، رابەری گشتی تەئكیدی كردەوە دەەبێت خزمەتكردنیان لە پێشەوەی كارەكانمان بێت.
هاوكات، مەكتەبی سیاسی تەئكیدی لەسەر یەكڕیزی و تەبایی نێوان ئیسلامخوازان كردەوە بۆ خزمەتكردن بە كۆمەڵگە و پاراستنی شیرازەی خێزان و پاشان راپۆرت و چالاكی مەڵبەند و مەكتەب و ئۆرگانەكان خوێنرایەوە ودەستخۆشی لە چالاكییەكانیان كرا و بەرز نرخێنرا و هیوای سەركەوتنیان بۆ خواستن.
مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی
21ی ربیع الاولی 1448
3/9/2026




