
باڵیۆزی توركیا لە عێراق:
توركیا لە هەوڵدایە رێككەوتنێكی نوێ بۆ هەناردەكردنی نەوت لەگەڵ عێراق بكات
باسک نێت
تورکیا لە هەوڵدایە بگاتە رێککەوتنێکی نوێ و هەمەلایەنە سەبارەت بە بەکارهێنانی هێڵی بۆری جەیهان بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق و هاوکاری لە کەرتەکانی تردا.
ئەنیل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامە فەرمی رایگەیاندووە، ئەگەرێكی گەورە هەیە بۆ هاوکاریکردن و قوڵکردنەوە و پتەوکردنی پەیوەندییە درێژخایەنەکان لەگەڵ عێراق.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دانوستانەکان بۆ رێککەوتنی نوێی وزە لە نێوان تورکیا و عێراق بەردەوامن و هیوادارن بە زووترین کات ئەو دانوستانانە کۆتایی پێبهێنن، روونیشیکردووەتەوە، هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق لە ڕێگەی سیستمی بۆری نەوتی تورکیاوە، بەشێکە لەم رێککەوتنە نوێیە.
ئینان وتوشيەتى، تورکیا بایەخێکی زۆر دەدات بە هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بۆری جەیهانەوە، بەتایبەتی دوای داخستنی ئەم دواییەی گەرووی هورمز گرنگی ستراتیجی تورکیای وەک ڕێگایەکی هەناردەکردنی نەوتی عێراق نیشان دا، ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ هاوکاریکردن لە دروستکردنی بۆرییەک دەربڕی بۆ ئەوەی بتوانێت هەناردەکردنی نەوتی بەسرە لە ڕێگەی بۆریی جەیهانەوە بەهەمان شێوە رەوانە بكرێت.



