
تورکیا بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بۆ مناڵانی خوار 15 ساڵ قەدەغە دەکات
باسک نێت
ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ ڕایگەیاند: دوێنێ شەو پەرلەمانی تورکیا یاسایی قەدەغەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵان دەرکرد.
بەگوێرەی ئەم یاسایە، کەسانی خوار تەمەن 15 ساڵان ناتوانن هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەنەوە، پلاتفۆرمە ئۆنڵاینەکانیش دەبێت سیستەمی پشتڕاستکردنەوەی تەمەن جێبەجێ بکەن.
لە ئێستادا چەندین وڵاتی ئەوروپا دیبەیتی قەدەغەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە منداڵانی هەرزەکار دەکەن.
هەفتەی ڕابردوو ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بەر لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هەماهەنگی ئەوروپا لەسەر قەدەغەکردنی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، داوای دانانی ڕۆژێک لە هەرمانگێک “بێ ئینتەرنێت” کرد، وەک ڕێگەیەک بۆ دۆزینەوەی خوێندنەوە، وەرزش و چالاکییە زیندووەکانی ژیان.
ساڵی پاریش ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئوسترالیا وەک یەکەم وڵات ڕەشنووسی یاسایەکی پەسەند کرد، کە منداڵانی خوار تەمەنی 16 ساڵ لە بەکارهێنانی سۆشیال میدیا قەدەغە دەکات، پاشان ئەنجوومەنی پیرانیش ئەم یاسایەی پەسەند کرد و ئێستا کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.




