
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، ئەمڕۆ یەکشەممە 22 ی شوباتی 2026, ڕایگەیاند، ئێران سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی بالیستی بە درێژایی سنوورە ڕۆژئاواییەکانی لەگەڵ عێراق جێگیر کردووە، بە شێوەیەک کە بەس بێت بۆ ئامانجکردنی ئیسرائیل.
هەروەها لەسەر کەناراوە باشوورییەکانی لەسەر کەنداو، بۆ ئەوەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئامانجەکانی تری ناوچەکە لە مەودای پێکانی مووشەکەکانیدا بن.
ڕۆژنامەکە لە زاری ٣ ئەندامی سوپای پاسداران و بەرپرسانی باڵاوە ئاماژەی بەوە کردووە؛ “ئئێران لەسەر ئەو بنەمایە کار دەکات کە هێرشی سەربازیی ئەمریکا حەتمی و نزیکە، تەنانەت لە کاتێکدا کە هەردوولا لە گفتوگۆی دیپلۆماسی و دانوستان سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەردەوامن.”
ڕۆژنامەکە نووسیویەتی: “ئێران دۆخی ئامادەباشی تەواوی لە ناو هەموو هێزە چەکدارەکانیدا ڕاگەیاندووە و خۆی بۆ بەرگرییەکی سەخت ئامادە دەکات.”
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە “لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕدا، یەکەکانی هێزی تایبەتی پۆلیس، ئەندامانی هەواڵگری و کەتیبەکانی سەر بە بەسیجی سوپای پاسداران لە شەقامەکانی شارە گەورەکاندا بڵاوەیان پێ دەکرێت؛ ئەم هێزانە خاڵی پشکنین دادەنێن بۆ ڕێگریکردن لە ئاڵۆزیی ناوخۆیی و گەڕان بەدوای ئەو سیخوڕانەی کە پەیوەندییان بە دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکانەوە هەیە.”.




