جیهانهەواڵ

ئێران هۆشدارییەکی توند ئاراستەی ئەم وڵاتانە دەکات

عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران، هۆشدارییەکی توند ئاراستەی ئەو وڵاتانە دەکات کە هەڕەشەی هێرشی سەربازی دەکەن یان هاوکاری هێرشبەران دەکەن و ڕایدەگەیەنێت، هەر وڵاتێک ڕێگە بدات خاکەکەی بۆ لێدانی ئێران بەکاربهێنرێت، ڕووبەڕووی وەڵامی توندی ئەوان دەبێتەوە.

وەزیری بەرگریی ئێران لە لێدوانێکدا جەختی لەوە کردەوە کە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی “سوپرایزی” تایبەتیان بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی هەر جۆرە هەڕەشەیەک هەیە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەنجامدەرانی هەر هێرشێک تووشی ئازار و مەینەتیی گەورە دەبن و باجێکی قورس دەدەن.

نەسیرزادە هۆشداری دا بەو لایەنانەی بە بیانووی جۆراوجۆر هەڕەشەی سەربازی دەکەن و وتی: ئەگەر هەر هەڵەیەک بکەن و دەستدرێژی بکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەمان، ئێمەش سەرجەم بەرژەوەندییەکانیان لە هەر شوێنێکی جیهان بێت دەکەینە ئامانج و دەستمان دەگاتە هەموو شوێنێک.

سەبارەت بە هاوکاریکردنی هێرشبەران، وەزیری بەرگریی ئێران بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند: هەر وڵاتێک کارئاسانی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بکات، یان بنکە سەربازییەکانی بخاتە خزمەت هێرشبەران بۆ ئەنجامدانی کارکردی دوژمنکارانە، لە لایەن ئێمەوە وەک ئامانجێکی ڕەوا سەیر دەکرێت.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، عەزیز نەسیرزادە ڕەخنەی لەو سیاسەتمەدارانە گرت کە بە “کورتبین” ناوی بردن و وتی: پێویستە ئەو سیاسەتمەدارانە گەورەیی گەلی ئێران ببینن و لەوە تێبگەن کە هێزی سەرەکیی ئەم وڵاتە لە گەلەکەیدایە و هیچ هەڕەشەیەک ناتوانێت ئیرادەی ئەم وڵاتە بشکێنێت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close