
نیویۆرك تایمز:
ترەمپ بە جدی بیر لەوەشاندنی گورزی سەربازی دەكاتەوە لە ئێران
باسک نێت
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لە زاری سەرچاوە ئیسرائیلیەكانەوە بڵاویكردووەتەوە: ئیسرائیل لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆهەر دەستوەردانێكی ئەمریكا لە ئێران، ئاماژەی بەوەشكردووە: دوێنێ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و مارك روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا باسیان لە ئەگەری دەستوەردانی ئەمریکا كردووە لە ئێران.
هاوكات رۆژنامەی “نیویۆرک تایمز” لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکا ئاشکرایکردووە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە چەند رۆژی رابردوودا پێداچونەوەی بە بژاردەكانى هێرشكردنە سەر ئێران كردووە.
وتوشیانە سەرۆکی ئەمریکا هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە بەڵام بە جدی بیر لەوە دەکاتەوە رەزامەندی بدات بە ئاڕاستەكردنی گورزێك كە رەنگە سنوردار بێت.
بەوتەی بەرپرسە ئەمریكییەكان، ئەو بژاردانەی كە پێشنیازكراون خۆی لە كردنە ئامانجی شوێنە ناسەربازییەکان لە تاران دەبینێتەوە.
هەروەها ئەو بژاردانە بریتین لە وەشاندنی گورزی راستەوخۆ لەو ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کە توندوتیژی بەكاردەهێنن بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان.
لە کاتێکدا ناڕەزایەتییەکان لە ئێران بەهۆی خراپی دۆخی ئابوری پێنایە هەفتەی دووهەمەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لێدوانەکانی لەسەر ئەو بابەتە چڕتر کردەوە، چەندین جار لە پۆستەکانی سۆشیال میدیا پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندەران دەربڕیوە و هۆشداریشیداوە بە دەسەڵاتدارانی ئێران لە كوشتنی خۆپیشاندەران.




