
یۆنامی وه‌ڵامی ده‌نگۆی میدیا عێراقییه‌كان ده‌داته‌وه، كه گوایه جنین هێنس پلاستخارت به‌هۆی ئاشكرابوونی گه‌نده‌ڵی له كاروباره‌كانی یۆنامی ئه‌ركی له عێراق به كۆتا هاتبێت و ده‌ڵێن، پێوه‌ندیی به دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌وه نییه.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممە 14ی شوبات، یونامی راگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه و روونكراوه‌ته‌وه كه یونامی ده‌یه‌وێت ئه‌و زانیاری و هه‌واڵه چه‌واشه‌كارییانه‌ی هه‌ندێك له میدیا و سۆشیال میدیاكانی عێراق ره‌ت بكاته‌وه، له‌باره‌ی پرسی كۆتاییهاتنی ئه‌ركی پلاسخارت وه‌ك نوێنه‌ری تایبه‌تیی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له ناوچه‌كه‌دا.
“وازهێنانی پلاسخارت له ئه‌ركه‌كه‌ی پێوه‌ندیی به رێكاره ئاساییه‌كانی ناو دامه‌زراوه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان هه‌یه، كه به‌شێوه‌یه‌كی ستاندارد به‌رپرسانی باڵای نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به‌شێوه‌ی خولی له ئه‌ركه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بن” به‌یاننامه‌كه‌ی یۆنامی وای تێدا نووسراوه.
یۆنامی له‌باره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانی، كه ئاماژه‌ی به بوونی گه‌نده‌ڵی له كاره‌كانی رێكخراوی “ی‌و ئێن دی پی” كردبوو دەڵێن، له رووی كارگێڕی و داراییه‌وه كاره‌كانی یۆنامی و ئه‌و رێكخراوه جیاوازن.