
زمانی كوردی لە زانكۆ حكومی و ئەهلییەكانی (كەركوك- موسڵ- دیالە) قەدەغە كرا
باسک نێت
وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دانانی پرسیارو وەڵامدانەوەی تاقیکردنەوەکان بە زمانی کوردی لەو زانكۆیانە قەدەغەكرد، كە دەكەونە “ناوچە جێناكۆكەكان”ەوە.
بڕیارەكە گشتاندنی بۆ كراوە بۆ زانكۆكان لە هەرسێ پارێزگای (كەركوك- موسڵ- دیالە)و هەموو زانكۆكان بە حكومی و ئەهلییەوە دەگرێتەوە.
بەگوێرەی ئەم بڕیارە لەمەودوا، هیچ کۆلێژێک نابێت بەزمانی کوردی پرسیار دابنێت و خوێندكارانیش ناتوانن بە زمانی دایكیی خۆیان وەڵامی پرسیارەكان بدەنەوە، لەمەش زیاتر وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق هەڕەشەی لێپێچینەوە دەكات ئەگەر سەرپێچی بڕیارەكەی بكرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە دەستوریی هەمیشەیی عێراق كە ساڵی 2005 پەسەندكراوە، زمانی كوردی لەپاڵ زمانی عەرەبیدا زمانی فەرمییە. نوسراوەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەبری زمانی كوردی، زمانی ئینگلیزی لەپاڵ زمانی عەرەبیدا وەكو زمانی فەرمی لە زانكۆكان ناساندووە.




