عێراقكوردستانهەواڵ

لەمەودوا هەر کەس “ئازاری دایک و باوک” بدات بە تاوان دادەندرێت ،سزادەرێت

پەرلەمانى عێراق یاسای سزادانى عێراقى هەموار دەکاتەوە و مادەیەکى بۆ زیاد دەکات، کە هەر کەسێک ئازارى دايك و باوكى بدات بە بێڕێزیکردن یان هاوارکردن بەسەریاندا، یان خۆبێبەریکردن، سزاى بەندکردن و پێبژاردن دەبێت.

باسک نێت

دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، ئەو پرۆژەیاسایە لە حکومەتەوە نێردرا بۆ لیژنەى یاسایی و “ماوەیەکى زۆر گفتوگۆى لەسەر کرا.”

ئەو ئەندامەی لیژنەیی یاسایی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشکردووە: “سزاى بێڕێزیکردن بەرامبەر بە دایک و باوک بەگوێرەى ئەو هەموارەى یاسای سزادانى عێراق، لەلایەن دادوەرەوە دیاری دەکرێت، کە ماوەى بەندکردن و پێبژاردنەکە چەند بێت، بەگوێرەى ئاستى تاوانەکە دیاری دەکرێت یان سزاى تاوانێکى هاوشێوە دەدرێت.”

بەگوێرەى پڕۆژەیاسایەک بۆ هەموارکردنەوەی یاساى سزادانى عێراقى، ژمارە 111ی ساڵی 1969، پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کرا، گۆڕانکارى لە مادەیەکى ئەو یاسایە دەکرێت، کە تایبەتە بە کێشەى نێو خێزان و مامەڵەکردن لەگەڵ باوک و دایکدا.

هەموارەکە لە مادەى 384 دەکرێت، کە وەکو مادەیەکى دووبارە بە هەمان ژمارەوە بۆ یاساکە زیاد دەکات و لە دوو بڕگە پێکدێت.

بە گوێرەی بڕگەی ئەو هەموارە باس لەوە دەکات، دایک و باوک یان کەسێک کە لەڕووى یاساییەوە لەبرى ئەوان بێت یان هەرکەسێک کە ئاگادارى تاوانەکە بووبێت، دەتوانێت لەڕێگەى داواکارى گشتییەوە سکاڵا لەسەر ئەو تاوانە تۆمار بکات.

بەگوێرەى بڕگەیەیکی دیکەی هەموارەکە، هەر کەسێک ئازارى دايك و باوكى بدات بە بێڕێزیکردن یان هاوارکردن بەسەریاندا، یان خۆبێبەریکردن، بەجێهێشتنیان یان هەر مامەڵەیەکى دیکەى لەو جۆرە، سزاى بەندکردن و پێبژاردن دەبێت یان بە یەکێک لەو دوو سزایە سزا دەدرێت.

ئەمە لە کتێکدایە، لە هەموارەکەدا هاتووە، هۆکارى پێویستى ئەو هەموارە ئەوەیە، ئازاردانى دایک و باوک مەترسییە لەسەر سیستمى کۆمەڵایەتى.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close