كوردستانهەواڵ

وەزیری پەروەردە لەبارەی دەستپێکردنەوەی دەوامی خوێندنگەکان قسەیکرد

وەزیری پەروەردەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم ڕایگەیاند، لە ڕۆژی 9ـی ئەم مانگەوە زیاتر لە 750 خوێندنگە دەوامیان دەستپێکردووەتەوە. دەشڵێت: “هیوادارین خوێندن لە تەواوی خوێندنگەکانی سنووری سلێمانی دەستپێبکاتەوە”.


ئەمڕۆ یەکشەممە، ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، بڕیارە لە ئەنجومەنی وەزارەت، گفتوگۆ لەسەر میکانیزمێکی تایبەت بە خوێندکارانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بکەن بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو وانانەی نەخوێندراون.
وتیشی: “هەموو هەوڵێک دەدەین تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی بە باشترین شێوە بەڕێوەبچن”.


ئالان حەمەسەعید ئاماژەی بەوەش کرد، لەو ساڵنامەیەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەڕین و گەرمیان بڵاویانکردووەتەوە، وەرزی یەکەم و دووەمی خوێندنی ئەمساڵ دیاریکراوە و بەپێی ساڵنامەکەش، لە ڕۆژی 9ـی ئەم مانگەوە زیاتر لە 750 خوێندنگە دەوامیان دەستپێکردووەتەوە.


پاش زیاتر لە چوار مانگ داخستنی دەرگای هۆڵەکانی خوێندن لە سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین، لەئێستادا بەشێکی دەرگای خوێندنگەکان کراونەتەوە و لە بەشێکی دیکەش بایکۆتی مامۆستایان و وانەبێژان بەردەوامە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close