كوردستانهەواڵ

هێزی زۆر ئەمنی لەهەڵەبجە بڵاوەی پێکراوە بۆ ڕێگری لە خۆپیشاندان

هێزێکی زۆری ئەمنی لەناو بازاڕی هەڵەبجە بڵاوەی پێکراوە بۆ ڕێگریکردن لە خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی

باسک نێت -هەڵەبجە

هاوکات دوێنێ، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە بانگهێشتی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاسایش کراون و ئاگاداریان کردوونەتەوە کە چیتر نابێت بە بێ بوونی مۆڵەت خۆپیشاندان ساز بکەن.

لە سلێمانی بەشێکی بەرچاوی نوێنەرەکان لە هەفتەی رابردووەوە ئاگادار کراونەتەوە کە دەبێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش بکەن.

جگە لە سلێمانی لە هەریەکە لە ئیدارەی راپەڕین و هەردوو قەزاکانی سەیدسادق و چەمچەماڵ، نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ و دامەزراو لەلایەن ئاسایشەوە بانگهێشت کراون.

بەرپرسانی ئاسایش مامۆستایانیان ئاگادارکردووەتەو کە چیتر نابێت بە بێ وەرگرتنی مۆڵەت خۆپیشاندان ئەنجام بدەن.

ئەمە لە کاتێکدایە بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە خۆپیشاندانی مامۆستایان لە هەڵەبجە و سلێمانی و ناوچەکانی دیکە بۆ بەردەوامی دان بە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بەڕێوەبچێت.

زیاتر لە چوار مانگە بە فەرمی زەنگی نوێی ساڵی خوێندن لێدراوە، بەڵام مامۆستایانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆکان و چەند ناوچەیەکی دیکە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان نەچنەوە هۆڵەکانی خوێندن

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close