
ئەمڕۆ شاندێكی عێراق بۆ پرسی مووچە دەگاتە هەولێر
باسک نێت
بڕیارە ئەمڕۆ شاندێكی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر داوای شاندی هەرێمی كوردستان، بە بڕیاری تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بێنە هەولێر.
ئەمڕۆ دووشەم 16ی كانوونی یەكەم، بەگوێرەی زانیارییەكان شاندەكەی بەغدا دێنە هەولێر، ئامانجی سەركییان پێداچوونەوە بە “میزان مراجعە”ی ساڵی 2024 بە هەموو خەرجی و داهاتەكانەوە.
هەروەها ئەو شاندە ئەركێكی تری لە ئەستۆ دەبێت كە رێكخستنەوەی خەرجیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە لەگەڵ حكوومەتی عێراق، بەو پێیەیش مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان كە لە چوارچێوەی خەرجی گشتییە، هاوشێوەی بەغدا رێكدەخرێتەوە.
جێی بیرهێنانەوەیە كە بەغدا هێشتا مووچەی فەرمانبەرانی كوردستانی بۆ مانگی 10 و 11 و 12 رەوانە نەكردووە، جیا لەوەیش دوێنێ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا رۆژی سێشەمی داهاتوو دەست بەدابەشكردنی مووچە بكرێت.
هاوكات شەوی رابردوو وەزارەتی دارایی عێراق بڵاوی كردەوە، بڕیاری خەرجكردنی مووچەی مانگی 11ی فەرمانبەرانی كوردستانی دا.