
وەزیری ناوخۆی عێراق پەیامێكی سودانی گەیاندووەتە ئێرانییەكان
“عێراق نایەوێت ببێت بە بەشێك لە ململانێكانی ناوچەكە”
باسک نێت
رۆژنامەی (الشرق الاوسط):
عێراقییەكان لەسەر ئاستی جەماوەری و فەرمی، ترسی جدیان هەیە لە ئەگەری ئەوەی وڵاتەكەیان روبەڕوی گورزێكی سەربازی ئیسرائیل ببێتەوە، بەتایبەت دوای هەڕەشەكانی ئەم دواییەی تەلئەبیب بە كردنە ئامانجی عێراق، ئەگەر گروپە چەكدارەكان هاوپەیمانی ئێران بەردەوامبن لەسەر هێرشەكانیان بۆ سەر ئیسرائیل.
لەو چوارچێوەیەدا، عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق گەیشتوەتە تاران، پێشبینی ئەوە دەكرێت پەیامێكی تایبەتی لە سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە گەیاندبێت، بە كێشنەكردنی عێراق بۆ شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ غەززەو لوبنان.
بەگوێرەی بەیاننامەیەكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، سەردانەكە پەیوەیستە بە رێكخستنی زیارەتی چلەو پاراستنی ئاسایشی هاوبەش و یاداشتی لێكگەیشتن لەنێوان هەردوو وڵات، لەگەڵ چەند پرسێكی تری ئەمنی و سەربازی و رێكارە یاساییەكان.
بەڵام بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان، زمانێكی ناڕوون بە ئەنقەست بەكارهێنراوە لە بەیاننامەكەدا، كە پێدەچێت وەزیری ناوخۆ راسپێردرابێت لەلایەن سودانیەوە، بە ئامانجی خۆلادان لە ئەگەری هێرشێكی چاوەڕوانكراوی ئیسرائیل، بەتایبەت دوای دەنگۆی خواستی ئێران بۆ بەكارهێنانی خاكی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل.
كەسایەتیەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەشێوەیەكی رۆژانە سەرقاڵی كۆبونەوەن بۆ گرتنبەری ئەو هەنگاوانەی كە دەكرێت عێراق بەدور بگرێت لە هێرشی ئیسرائیل، ئەوەش هاوشانی ئەو هەوڵانەی سودانی دەدیدات بەو ئاڕاستەیەدا.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان، هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە هەوڵی جدیدان بۆ نەخزانی عێراق بۆ گەمەی جەمسەرە هەرێمایەتیەكان، بەیاننامەكەی مەرجەعی باڵای شیعەكانیش لەمیانی دیداری لەگەڵ نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان، كە تیایدا جەختی لە كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت و رێگە نەدان بەدەستوەردانی دەرەكی كردەوە، گوڕێكی زیاتری داوە بە هەوڵەكانی ئەو هێزانانە.