عێراقهەواڵ

دەستدەکرێت بە کارکردن لە پرۆژەی میترۆی بەغدا

راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا و دوای وەرگرتنی مۆڵەتی وەبەرهێنان لە حکومەت، دەست بە کارکردن لە پرۆژەی میترۆی بەغدا دەکرێت.

باسک نێت

ئەمڕۆ یەکشەممە، ناسر ئەسەدی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند، لە ئێستادا حکومەتی عێراق سەرقاڵی پێداچوونەوە و تەواوکردنی رێکارەکانی پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنانە بەو تیمانەی کە بەرپرسیارن لە کارکردن لە پرۆژەی میترۆی بەغدا.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە چەند رۆژی داهاتوودا رێکارەکان کۆتایی پێدێت و دەست بە کارکردن لە پرۆژەکەدا دەکرێت.

باسی لەوەش کرد، میترۆی بەغدا، رووبەری 85٪ـی بەغدا دەگرێتەوە و درێژیی پرۆژەکە 148 کم دەبێت، کە دابەشکراوە بەسەر 64 وێستگەدا، لەنێویاندا هەشت وێستگە بۆ گواستنەوە لە نێوان هێڵەکاندا تەرخان دەکرێت.

وتیشی، بڕیارە ماوەی تەواوکردنی پرۆژەکە چوار ساڵ بخایەنێت و تاوەکو 2028 تەواو بکرێت.

بیرۆکەی میترۆی بەغدا بۆ سەرەتای ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، کە دەبوایە لەلایەن کۆمپانیایەکی فەڕەنسییەوە جێبەجێ بکرایە، بەڵام جەنگی عێراق-ئێران دوای خست، دواتر بەهۆی جەنگی کوەیت و گەمارۆی ئابووری و پڕۆسەی ئازادیی عێراق و جەنگی داعش و چەند هۆکارێکی دیکە بەهەمان شێوە پرۆژەی میترۆی بەغدا ئەنجام نەدرا.

هاوکات، پرۆژەی میترۆی بەغدا یەکێکە لەو 16 پرۆژەیەی ساڵی رابردوو، کە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق پەسەندی کردبوو تایبەت بە ڕێگەوبان.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close