ئابووریجیهانهەواڵ

نرخی نەوت بۆ ژێر 100 دۆلار دابەزی

نرخی نەوت لە مامەڵەکانی رۆژی چوارشەممەدا، بۆ ئاستی ژێر 100 دۆلار دابەزی، کە ئەوەش کەمترین ئاستییەتی لە دوای مانگی نیسانەوە.

هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت ئەوەیە کە بەشێک لە بازرگانانی ئەمه‌ریکا چاوەڕوانی داتاکانی رێژەی هەڵاوسان لە ئەمه‌ریکا دەکەنەوە، کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی یەدەگی بانکی فیدراڵی و بەهای دۆلار دەبێت و جووڵەی دۆلار کاریگەری لەسەر تێچووی کڕینی نەوت دەبێت. لە هەمان کاتدا، بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە چین هۆکارێکی دیکەی لاوازی بازاڕی وزەیە.

لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ ئاستی 99.47 دۆلار دابەزی، نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش بۆ ئاستی 95.66 دۆلار دابەزی.

بەهۆی شەپۆڵی فرۆشەوە، نرخی نەوت دادەبەزێت، کە بەشێکی زۆری وەبەرهێنەران ترسیان هەیە لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی سوو، بەهای دۆلار بەرزبێتەوە، ئەوەش راستەوخۆ دەرهاویشتەی لەسەر گەشه‌ی ئابووری جیهان هەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە پێنوێنی دۆلار، کە پێوەری شەش دراوە سەرەکییەکەیە بۆ 108.56 خاڵ بەرزبووەتەوە، کە ئەمەش بەرزترین ئاستە لە دوای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2002.

لە لایەکی دیکەشەوە، بازاڕ بە وردی چاودێری سەردانی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمه‌ریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، بە جۆرێک پێشبینی دەکرێت سەرۆکی ئەمه‌ریکا داوا لە سعودیە و وڵاتانی دیکەی کەنداو بکات، بڕی هەناردە بەرزبکەنەوە تاوەکو بازاڕی نەوت سەقامگیر بێت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close