
سەرچاوەیەك لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: ئەوەندەی زانیاریمان هەبێت كە لە بەغدادەوە پێمان گەیشتووە، وردبینی بەشێك لە لیستی مووچەی مانگی تەمموز تەواو بووە كە مووچەی كەسوكاری شەهیدان و خاوەن پێداویستی تایبەت و خانەنشینانی مەدەنییە، چاوەڕێین كە كۆتایی ئەم هەفتەیە رەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت.
ئەوەشی خستەڕوو: بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆران پێشخراوە و وردبینی لیستی مووچەش لەلایەن دیوانی چاودێری عێراق بەهەماهەنگی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت و وەزارەتی دارایی عێراق پاش ئەو رێكارانە بڕیار لەسەر خەرجكردنی دەدات.
ناردنی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق بە سێ قۆناغ دەبێت، قۆناغی یەكەم مووچەی كەسوكاری شەهیدان و خاوەن پێداویستی تایبەت و خانەنشینانی مەدەنی رەوانە دەكرێت و دواتر مووچەی فەرمانبەران و پاشان مووچەی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان.
بڕیارە رۆژی 29ی تەموز، دابەشكردنی مووچە لە عێراق كۆتایی پێبێت، پاش ئەوە وەزارەتی دارایی رێكارەكان بۆ ناردنی پارەی مووچەی مووچەخۆران دەستپێدەكات.




