جیهانعێراقكوردستانهەواڵ

بۆ یەکەم جار زمانی كوردی لە سعوودیە لە شوێنە فەرمییەكان دادەنرێت هاوشێوەی زمانەكانی تر

بە مەبەستی پێشوازیكردن لە حاجییانی هەرێمی كوردستان لە دەروازەی سنووری عەرعەری سعوودیە، تابلۆی ڕێنوێنیی بە زمانی كوردی زیاد دەكرێت و دەخرێتە واری جێبەجێكردنەوە.

باسک نێت

شێخ نیاز راغب نەقشبەندی بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێم راگەیاند، بە هەوڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دوای بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی جەدە بۆ خزمەتگوزاری حەج و عومرە، لە میانەی كۆنفرانسەكەدا پێشنیازی زیادكردنی زمانی كوردی لە شوێنە فەرمییەكان بۆ وەزیری حەج و دەسەڵاتدارانی سعوودیە كرد، لە نزیكەوە گفتوگۆی بەرهەمدار لەسەر ئەو پرسە كرا.

زیاتر گوتی، هەر لەم هەفتەیەدا بە مەبەستی كاركردن لەسەر ئەم پێشنیازانە، وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودیە داوای كردووە، بە زووترین كات تابلۆكانی دەروازەی سنووری عەرعەر بە زمانی كوردی بۆیان رەوانە بكرێت بۆ پێشوازیكردنی حاجییان دابنرێت، ئەمەیش یەكەم جارە لە مێژوودا زمانی كوردی لە سعوودیە لە شوێنە فەرمییەكان دابنرێت هاوشێوەی زمانەكانی تر.

شایانی باسە ئەمە یەكەم قۆناغی بەفەرمیكردنی زمانی كوردییە لە عەرەبستانی سعوودیە، لە داهاتوودا چەندان رێنوێنی و ماڵپەڕە ئەلیكترۆنییەكانی وەزارەتی حەج و عومرە كە تایبەت بە بواری حەج و عومرە هەوڵەكان چڕ دەكرێتەوە، بۆ زیادكردنی زمانی كوردی.بەپێی زانیاریەکانی ماڵپەڕی باسک نێت ئێستا وەزارەتی حەجی عەرەبستانی سعوودیە بە 16 زمانی جیاجیا رێنوێنیی بڵاو دەكاتەوە و بە دانانی زمانی كوردیش دەبێتە 17مین زمان كە لە سعوودیە بەشێوەیەكی فەرمی كاری لەسەر بكرێت، ئەمەیش بە دەستكەوتێكی گەورە هەژمار دەكرێت و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە، كار لەسەر ئەوەیش دەكات كە رێنوێنییەكان و نامیلكە و تابلۆكان زمانی كوردییان بۆ زیاد بكرێت .

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close