
هیچ رێككەوتنێك نەكراوە بۆ كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك
“دەنگۆی سەردانی سودانی بۆ كەركوك دورە لە راستیەوە”
باسک نێت – کەرکوک
ئەحمەد رەمزی, ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رایگەیاند: ئەو هەواڵانەی باس لە سەردانی محەمەد شیاع سودانی, سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەن بۆ پارێزگای كەركوك, دورن لە راستیەوە, هیچ شتێكیان لەوبارەیەوە پێ رانەگەیەندراوە, هیچ رێككەوتنێكیش لە ئارادانیە بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك, بە “شەفەق نیوز”ی راگەیاندووە: ئومێد دەكەین سودانی سەردانی كەركوك بكات و كێشەكانی چارەسەربكات, چونكە دواخستنی حكومەتی خۆجێی كەركوك كاریگەری لەسەر بەرژەوەندی پێكهاتەكانی كەركوك دەبێت, لەڕووی وەزیفەو پرۆژەو خزمەتگوزارییەكانەوە.
بەپێی زانیاریەکانی ماڵپەڕی باسک نێت تائێستا هیچ رێككەوتنێك نەكراوە بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا یان هەڵبژاردنی پارێزگار, هیچ رێككەوتنێكی عەرەبی یان كوردیش لە ئارادنیە بۆ هەنگاونان بەرەو پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی.
لە (21) مانگی شوباتی ئەمساڵ, محەمەد شیاع سودانی سەرپەرشتی یەكەم كۆبونەوەی كوتلە براوەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی كرد, مۆڵەتی تا (3)ئازاری بۆ دیاریكردن بۆ ئامادەكردنی پێشنیازو بۆچونەكانیان لەبارەی پێكهێنانی ئیدارەی نوێی پارێزگاكە و پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی هاوبەش, بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە (7) بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان, تائێستا هێزو لایەنە سیاسیەكانی كەركوك شكستیانهێناوە لەگەیشتن بەرێككەوتن و یەكلاكردنەوەی پۆستەكانی پارێزگاكە.




