كوردستانهەواڵ

ژمارەی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان زیاتر لە سێ‌ ملیۆن دەنگدەرە

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رای گەیاند، لە هەرێمی كوردستان ژمارەی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان زیاتر لە سێ‌ ملیۆن دەنگدەرە.

باسک نێت

ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بەردەوامە، ئێستە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران كۆتایی هاتووە، ژمارەی دەنگدەرانیش دیاری كراوە.

ئەمڕۆ دووشەم هەشتی تەمووز، جومانە غەلای گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، راگەیاند، لە پارێزگای هەولێر یەك ملیۆن و 366 هەزار و 462 دەنگدەری گشتیی هەن، لەو ژمارەیە یەك ملیۆن و 16 هەزار و 357 دەنگدەر كارتی بایۆمەترییان دەرهێناوە.

لەبارەی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە گوتی، یەك ملیۆن و 496 هەزار دەنگدەری گشتیی هەن، لەو ژمارەیەش یەك ملیۆن و 146 هەزاریان كارتی بایۆمەترییان دەرهێناوە.

بۆ پارێزگای دهۆك رای گەیاند، 926 هەزار دەنگدەری گشتیی هەن تا سێی تەمووزی 2024، 738 هەزار دەنگدەر كارتی بایۆمەترییان دەرهێناوە.

بەگوێرەی تۆمارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، كۆی گشتیی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، سێ ملیۆن و 789 هەزار دەنگدەرە و تا ئێستەش دوو ملیۆن و 901 هەزاریان كارتی بایۆمەترییان دەرهێناوە.

بڕیارە لە 20ـی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت، ئێستە ئامادەكارییەكان دەستی پێ‌ كردووە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close