
رۆژنامەی فەرمی عێراق:
لە مانگی تشرینی یەکەمەوە بە ئەلیکترۆنیکردنی دەروازەكانی هەرێمی کوردستان دەست دەکەن و تا کۆتایی ئەمساڵ بە تەواوی جێبەجێ دەكرێت
باسک نێت
رۆژنامەی فەرمی عێراق دەڵێت، حکومەت بەرەو توندکردنی کۆنترۆڵی دۆسیەی داهاتە داراییەکان و پاراستنی سامانی گشتی هەنگاو دەنێت، ئەوەش لە ڕێگەی کۆمەڵێک رێکاری جێبەجێکردن، كە رێکخستنی کاری گومرگی لە هەرێمی کوردستان و رێکخستنی رسوماتی حەواڵە داراییە دەرەکییەکان دەگرێتەوە.
ثامر قاسم داود، سەرۆکی دەستەی گشتی گومرگەکان پێشبینی کرد لە تشرینی یەکەمی داهاتوودا رێکارە کردارییەکانی پڕۆژەی بە ئەلیکترۆنیکردنی دەروازەكانی هەرێمی کوردستان دەست پێبکەن و تا کۆتایی ئەمساڵ بە تەواوی جێبەجێ بكرێت.
راشیگەیاندووە، کۆبوونەوەیەک بە راسپاردەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دارایی بەڕێوەچوو، کە بە ئیمزاکردنی پرۆتۆکۆلێکی هاوبەش کۆتایی هات، وەک ئامادەکارییەک بۆ پەسەندکردنی نەخشەرێگایەک لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران کە تێیدا دەست بە ئەلیکترۆنیکردنی دەروازە فەرمییەکان دەکرێت هاوتەریب لەگەڵ داخستنی دەروازە ناوفەرمییەکان.
جەختیشی کردەوە، ئەم پڕۆژەیە لانی کەم 50%ی داهاتی دەروازەكانی هەرێم بۆ گەنجینەی دەوڵەت دەگوازێتەوە، بەجۆرێک کە داهاتە ناوەندیی و هەرێمییەکان بەهێزتر دەکات.
ئەوە لەكاتێكدایە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رێنماییداوە بە بڕینی پێشوەختەی باج و رسوماتی گومرگی لە حەواڵە داراییە دەرەکییەکان و تۆمارکردنیان وەک بارمتەی دارایی، لە سەرەتای ئەیلولی داهاتووەوە.




