تەندروستیكوردستانهەواڵ

وەزیری تەندروستیی: چەند بڕیارێکی دەرکرد

🔹بە فەرمانی د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چەند بڕیارێك لە بەرژەوەندیی تەندروستیی هاووڵاتییان دەرکرد.

دەقی فەرمانەكە:

🔸دوابەدوای هەردوو فەرمانی وەزاریمان ژمارە (2949)لە 17/5/2022 و (7620) لە 15/11/2023 پاڵپشت بە مادەی (2) بڕگەی (3) لە یاسای وەزارەتی تەندروستی ژمارە (15) ی ساڵی 2007 لە پێناو بایەخدان بە خزمەتگوزاریی چاودێریی بەرایی تەندروستی بە تایبەت چاودێریی دایكایەتی و منداڵان، بە مەبەستی ڕێكخستنی كاری كۆمپانیاكان كە ڕیكلام بۆ تەواوكەری خۆراكی تایبەت بە منداڵانی تەمەن (یەک تا 10)ساڵی دەكەن بڕیارمان دا كە هاوشێوەی شیری منداڵان مامەڵەی لەگەڵ بكرێت بەم شێوەیەی خوارەوە:

1 پێویستە لە سەر كارمەندانی نەخۆشخانەكانی لەدایكبوون و سەنتەرەكانی كوتانی منداڵان، ڕێنوێنی دایكان بكەن تاوەكو شیری دایك بدەن بە كۆرپەكانیان.

2 بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە كە هیچ جۆرە شیرێك یان تەواوكەری خۆراكی لە نەخۆشخانەكانی لەدایكبوون و بنكە تەندروستییەكان و سەنتەرەكانی كوتانی منداڵان بدرێ بە هاووڵاتییان.

3- بوونی (مروج)ی كۆمپانیاكان لە نەخۆشخانەكانی حكوومی و ناحكوومی، سەنتەرەكانی كوتانی منداڵان و هەر داودەزگایەكی تەندروستی، ڕیكلامكردن بۆ شیر یان تەواوكەری خۆراكی بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە.

4 هەر پزیشكیك یان كارمەندێكی تەندروستی یان فەرمانبەرێك، ڕیكلام بۆ هەر كۆمپانیایەك بكات، ڕێكاری یاسایی تووندی بەرانبەر دەکرێت بە سزادان و گواستنەوەی لەو شوێنە.

5 هەر خۆبەخشێك كار لەگەڵ كۆمپانیای شیر یان تەواوكەری خۆراكی بكات كۆتایی بە ڕاژەكەی بهیێنرێ و ڕێكاری یاسایی بەرانبەر بگیرێتە بەر.

6 بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە شیر و تەواوكەری خۆراكی منداڵان لە كافتریای نەخۆشخانەكان بفرۆشرێت و ڕیكلام بۆ هەر كۆمپانیایەك بكرێت، لە كاتی سەرپێچیدا جگە لە ڕێكاری یاسایی كۆتایی بە گرێبەستەكەی دەهێنرێت.

7 هەر چالاكییەكی زانستی کە لەلایەن كۆمپانیاكانی شیر و تەواوكەری خۆراكی منداڵان ڕێك دەخرێت، پێویسە ڕەزامەندی پێشوەختەی لە وەزارەتی تەندروستی، بەشی چاودێریی خۆراك وەربگیرێت، نابێت هیچ فەرمانبەرێكی سەر بە وەزارەتی تەندروستی بەشداری لەم چالاكییانە بكات، بە پێچەوانەوە ڕێكاری یاسایی تووندیان بەرانبەر دەگیرێتە بەر.

  1. بەڕێوەبەری نەخۆشخانە و لێپرسراوی كارگێڕی نەخۆشخانە و بنكە تەندروستیەكان، بەرپرسن بەرانبەر جێبەجێكردنی ئەم خاڵانەی سەرەوە، بە پێچەوانەوە ڕێكاری یاسایی تووند لە بەرانبەریان دەگیرێتە بەر.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close