عێراقكوردستانهەواڵ

جارێكی دیكە شاندێكی هەرێمی كوردستان دەچێتەوە بەغداد

جوتیار عادل سەرۆكی فەرمانگەی میدیاو زانیاری: گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بەردەوامە، ئامانجمان جێبەجێكردنی دەستورو پاراستنی فیدڕاڵیزمە.

پێشبینی دەكرێت جارێكی دیكە شاندێكی هەرێمی كوردستان بچێتەوە بەغداد، لەسەر كۆمەڵێك پرسی یاسای بودجەو موچەو نەوت و غازو ناوچە جێناكۆكەكان گفتوگۆ بكەن.

پرسی دووبارە ناردنەوەی نەوت، پەیوەندیی بە گفتوگۆی نێوان توركیاو عێراقەوە هەیە، ئەوەی پێویست بووە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە پێشكەشكراوە، لە پرسە یاساییەكان و گرێبەستەكان؛ بەڵام پرسەكە لەنێوان ئەنكەرەو بەغدا ماوەتەوە.

ئێمە جەخت لە ناردنی بەشەبودجەی هەرێم دەكەینەوە، كە لە یاسای پەسندكراوی بودجە دەرچووە.

لە ماوەی ڕابردوودا بڕی پێویستی نەوت ڕادەستی سۆمۆ كراوە؛ ڕۆژانە 85 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا كراوە. بۆیە هەموو پابەندییەكان جێبەجێ كراون؛ گرنگە پرسەكە بە بابەتە سیاسییەكانەوە نەبەسترێتەوەو چارەسەر بكرێت.

ئێمە یاسای ئیدارەدانی داراییمان هەیە، لە ماددەی 29ـدا دەڵێت:” ئەگەر پارێزگایەك یان هەرێمێك داهاتەكانی ڕادەست نەكات، لە بەشی خۆیدا لە بودجە لێی دەبڕدرێت”. ئەمە یاسایەو ئەو پرسەی چارەسەر كردووە؛ كەواتە پێویستە جێبەجێ بكرێت. بەڵام بەداخەوە تەنیا جەخت لە ڕادەستكردنی داهاتەكان دەكرێتەوەو ئەو یاسایە پشتگوێ خراوە.

ئه‌و پرۆژانەی لە كابینەی نۆیەمدا كراون، لەسەر بنەمای بودجەی بەگەڕخستن كراون، هەرچەندە بەراورد بە كابینەكانی پێشوو، زۆر كەمتر بووەتەوە، بەڵام پشت بەو بودجەیە و كەرتی تایبەت بەستراوە. چونكە كابینەی نۆیەم ڕێگەی هەمەچەشنەكردنی داهاتی گرتووەتە بەر.

حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت، خودی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان هەموو ئاسانكارییەكی دووپات كردووەتەوە تاكو هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت. بۆ ئەو مەبەستە حكومەت بڕیاری ئاسانكاری و ڕێوشوێنی هەڵبژاردنی بۆ تەواوی دامودەزگە پەیوەندیدارەكان گشتاندووە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close