
پشكنینى بۆرییە نەوتەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان تەواوبووە
” لە كۆرمۆروە تا زاخۆ”
باسک نێت
رۆژنامەی (الصباح):
لیژنەی نەوت و وزە و سامانە سروشتیەکان لە پەرلەمانی عێراق، چاوەڕوانە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەناردەکردنی نەوت لە ڕێی بۆری جەیهانی تورکیاوە دەستپێبکاتەوە، لە کاتێکدا ئامادەکارییەکان بۆ گەڕێكی دانوستان لە نێوان عێراق و تورکیا بۆ چارەسەرکردنی پرسی قەرزەکانی ئەنكەرە بەردەوامە.
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە و سامانە سروشتیەکان رایگەیاندووە: وەزارەتی نەوت لیژنەی تایبەتمەندی خۆی رەوانەی زاخۆ کردووە بۆ دڵنیابون لە سەرجەم ئەو بۆریانەی کە لە کێڵگەی (كۆرمۆر) لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە بەرەو خاکی تورکیا دەڕۆن.
ئاماژەی بەوەشداوە، تەواوی رێکارەکانی پەیوەست بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆری جەیهانەوە تەواو بووە، بەڵام چاوەڕوانی وەڵامی تورکیایە سەبارەت بە شیاوی ئەو بۆرییانە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت .
بەوتەی سەباح سوبحی، تائێستا دیدێكی روون نییە سەبارەت بەو قەرزانەی کە عێراق داوای دەکات لە تورکیا سەبارەت بە بڕیاری ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس، کە تورکیای پابەند کرد بە پێدانی یەک ملیار و(٤٠٠) ملیۆن دۆلار.
جەختیشیکرد، ئەنكەرە پێشتر لەگەڵ هەرێمی کوردستان رێککەوتبوو کە کرێی هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەکانەوە (٣.٥) دۆلار دەبێت، لەکاتێکدا پێشتر تەنها (١.٢٥) دۆلار بووە.