سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە، کە خەڵکی هەرێمی کوردستان، قوربانییەکی زۆری لە پێناو مافە رەواکانی داوە، بۆیە ئامادە نییە لە ژێر هیچ فشارێکدا، دەستبەرداری ماف و شایستە دەستوورییەکانی ببێت.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی رۆژنامەوانیی سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، مەسرور بارزانی پێشوازیى له یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باربارا لیف كردووه.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە له كۆبوونهوهکەدا پەرهپێدانی پهيوهندييهكانى ئهمهريكا و ههرێمى كوردستان و دوايين گۆڕانکاریی و پەرەسەندنەکانی دۆخى سياسيى عێراق تاوتوێ كران.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە دیدارەکەدا یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پابەندبوونی وڵاتەکەی بە بەردەوامبوون لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە دووپات کردووهتهوە، راشیگهیاندووه: “هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بەتایبەتی ناکۆکییەکانی پەیوەندیدار بە پرسی نەوت و گاز کە پێویستە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، چونکە چارەسەرنەکردنیان، کاریگەریی خراپی لە سەر ئارامی و سەقامگیریی عێراق دەبێت”.
ئاماژه بهوهش كراوه سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کورتەیەکی دەربارەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێز خستووهتەڕوو.
لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی، مەسرور بارزانی جەختی لەوە كردووهتهوه، کە خەڵکی کوردستان، قوربانییەکی زۆری لە پێناو مافە رەواکانی داوە، بۆیە ئامادە نییە لە ژێر هیچ فشارێکدا، دەستبەرداری ماف و شایستە دەستوورییەکانی ببێت. ههروهها خواستی هەرێمی کوردستانیشی بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور، دووپات كردووهتهوه.