كوردستانهەواڵ

وەزارەتى خوێندنى باڵا: بەبێ کارتى ڤاکسین مامەڵەى هاوڵاتیان ڕایى ناکرێت

وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، لەبەرواری یەکی شوبات بەدواوە پێویستە هاوڵاتیان لەکاتى سەردانیان بۆ وەزارەت کارتى وەرگرتنى ڤاکسینیان پێ بێت، بەپێچەوانەوە ڕێگەیان پێنادرێت سەردانى وەزارەت بکەن بۆ ڕایکردنى مامەڵەکانیان.

ئەمڕۆ دوشەممە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێم لەراگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بە ئاماژەکردن بە بڕیارى سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و لێژنەى باڵاى ڕوبەڕوبونەوەى کۆرۆنا، لە گشتاندنێکدا بەژمارە (1388) لە ڕێکەوتى (23-1-2022)بڕیاردرا ئەو فەرمانبەرانەى دیوانى وەزارەت کە پێکوتە (ڤاکسینى) دژە کۆرۆنایان وەرگرتوە، پێویستە تاکو ڕۆژى پێنجشەمە ڕێکەوتى 27ی ئەم مانگە وێنەیەک لە ناسنامە یاخود کارتى وەرگرتنى پێکوتە (ڤاکسین)ى دژە کۆرۆنا، بۆ دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى/ بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى و سەلامەتى لە دیوانى وەزارەت بنێرن.

لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتوە، ئەو فەرمانبەرانەى دیوانى وەزارەت پێکوتە (ڤاکسینى) دژە کۆرۆنایان وەرنەگرتوە، بەبێ تێستى کۆرۆنا کە (48) کاتژمێر بەسەردا تێپەڕنەبوبێت، ڕێگەى پێنادرێت بێتە دەوام و بەنەهاتو هەژمار دەکرێت، لەڕۆژى دەرچونى ئەم نوسراوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ڕێکەوتى یەکی شوبات بەدواوە هیچ کەسێک ڕێگەى پێ نادرێت سەردانى وەزارەتەکەمان بکات بەبێ هەبونى کارتى ڤاکسین یان ئەنجامدانى تێستى کۆرۆنا کە (48) کاتژمێری بەسەردا تێپەڕنەبوبێت.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێت، لەلایەن تیمى بەڕێوەبەرایەتى تەندروستی و سەلامەتى لە وەزارەت ڕاستاندن بۆ بەڵگەنامەکان دەکرێت ئەگەر ڤاکسینى وەرنەگرتبێت، ڕێگەیان پێ نادرێت بێنە ناو دیوانی وەزارەت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close