كوردستانهەواڵ

خوێندنی باڵا: ئه‌مڕۆ زانکۆ لاین کارا دەکرێت

وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویّژینەوەی زانستی ھەرێمی کورستان ڕایگەیاند، پرۆسەی وەرگرتنی دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و، ئه‌مڕۆ شەمە کاتژمێر (١٢)ی نیوەڕۆ، زانکۆلاین بۆ ماوەی (١٠) رۆژ بۆ دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی دەکەوێتە ‌کار.

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڵاویکردەوە، ئه‌مڕۆ شەمەوە لە کاتژمێر (١٢)ی نیوەڕۆ وێبسایتی (www.regayzanko.com) بۆ دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی تا سەعات (١٢)ی شەوی ڕۆژی (١٩/١٠/٢٠٢٠) واتە بۆ ماوەی (١٠) ڕۆژ کارا دەکرێت. بەوەش دەرچوانی پۆلی (١٢)ی ئامادەیی لەو ماویە دەتوانن فۆرمی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان پڕبکەنەوە و پێشکەشی بکەن، ھەروەک دەرچوان دەبێ بەبەکارھێنانی ھەمان ناوی بەکارھێنەرو وشەی تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسۆرد) کە پێشتر لە خوێندنگەکانیان وەریانگرتۆتەوە دەتوانن فۆرمی وەرگرتن پڕبکەنەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، بۆ خوێندنی تایبەتیش، زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکان دەتوانن فۆڕم بەسەر خوازیاران لەخوێندنی تایبەت دابەش بکەن.
سەبارەت بەپلانی وەرگرتن بۆ خوێندنی ئەمساڵ بەھەر سێ سیستەمی خوێندنی (گشتی، پارالێڵ، ئێواران)، لە زانکۆ حکومیەکان بریتییە لە (٥٤٥٣٧) کورسی، کە بۆ یەکەمجارە لە مێژوی وەرگرتن لەھەرێمی کوردستان پلانی وەرگرتن بگاتە ئەو ژمارەیە،  ھاوکات پلانی داواکراوی زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکانی ھەرێمی کوردستان بریتیە لە (٢٧٦٣٠)کورسی خوێندن.
سەبارەت بەژمارەی دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی کە ناوەکانیان لە وەزارەتی پەروەردە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕەوانە کراوە بریتیە لە: (٧٢٢٦٤) دەرچوو، کە (٤٦٢٨٨) دەرچوی زانستی و(٢٤٣٧٩) دەرچوی وێژەیی و (١٦٣٧) دەرچوی بەشە پیشەییەکانن، سەرەڕای ژمارەیەکی زۆری دەرچوانی ساڵی رابردو کە لەھیچ شوێنێک ناویان دەرنەچوە ئەمانەش مافی پێشکەش کردنیان ھەیە کە سیستمەکە ڕێگەی پێشکەش کردنیان پێدەدات.
بۆ بەرچاوڕونی زیاتری دەرچوانی پۆلی دوانزە ‌و ئاشنابونیان بەسیستمەکانی وەرگرتن (زانکۆلاین، پارالێل، ئێواران) پێویستە سەیری ئەو ڤیدیۆ فێرکاریە بکەن کە لەسەر وێبسایتی (www.regayzanko.com) داندراوە، ھاوکات بۆ ھەمان مەبەست دەتوانن لەسەر ھەمان وێب سایت ڕێبەری وەرگرتن بە وردی بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکانیان، ھەروەھاش دەتوانن سەردانی مەڵبەندەکانی ڕاوێژکاری زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنی ڕونکردنەوەی پێویست لەسەر چۆنیەتی پڕکردنەوەی فۆرمی وەرگرتن بەسیستمە جیاوازەکان، کە ئەمەش دەرەفەتێکی گرنگە بۆ ئەوەی دەرچوان بەر لەوەی فۆرمی وەرگرتن پێشکەش بکەن و ئاگاداری وردەکارییەکانی سیستمەکە بن و ھەوڵ بدەن خودی خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە، و ڕو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمی نین و تەنھا بۆ دەستکەوتنی بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچوان پڕ دەکەنەوە.
سەبارەت بە ھەبوونی پەیج و ئەکاونت بەناوی زانکۆلاین و ناوەندی وەرگرتن، وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایدەگەیەنێت ستافی وەرگرتن ھیچ جۆرە پەیج و ئەکاونتێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیە بەناوەکانی زانکۆلاین و ناوەندی وەرگرتن یان ھەر ناوێکی دیکە، بەڵکو تاکە مینبەری گەیاندنی ڕێنماییەکانی ئێمە لەڕیگەی سایت و پەیجی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close