عێراقهەواڵ

وتەبێژی حکومەت: دەوڵەت لە بەرامبەر ھاوڵاتییانی کورد بەرپرسیارە

وتەبێژی حکومەتی عێراق لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە رایگەیاند، رێککەوتنی ئەم دواییانە لەنێوان سەرۆکوەزیرانی هەردوولادا کراوە و بەندەکانی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا ئەنجامەکەی ئەوەیە، کە دەوڵەت لە بەرامبەر ھاوڵاتیانی کورد بەرپرسیارە.

ئەحمەد مەلا تەڵال وتەبێژی حکومەتی عێراق رايگەياند، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، رێککەوتوون لەسەر چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە ھەڵپەسێردراوەکان نێوان هەردوولا و پابەنددەبن بە ئەرکە دەستورییەکانی سەر شانیان و دەستور دەبێتە بنەمای رێککەوتنەکان.

لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیشەوە وتی، رێککەوتنی ئەم دواییانە لەنێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان کراوە و بەندەکانی ئەو رێککەوتنە و ئەنجامەکەی ئەوەیە، کە دەوڵەت لە بەرامبەر ھاوڵاتیانی کورد بەرپرسیارە.

وتەبێژی حکومەتی عێراق دەشڵێت، “ئێوە دەزانن کە ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان چۆن دەناڵێنن بەھۆی کەمی نەختینەوە، کە بەھۆی وەستانی موچەوە دروستبووە، کاتێک حکومەت موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دەنێرێت بەھەستکردن بە پێویستی ھاوڵاتیانی ھەرێم بەو پارەیەیە، بەپێی بەندەکانی رێککەوتنی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، پێویستە حکومەتی ھەرێم لەبەرامبەردا پابەندی دەستور بێت لەبارەی نەوت و دەروازە سنورییەکان.”

هەر لەبارەی ڕێککەوتنەوە، ئەحمەد مەلا تەڵال ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە ئەم رێککەوتنە بۆ ئەم قۆناغەیە تا پەسەندکردنی بودجە گشتی ساڵی ٢٠٢١، دواتر ئەم رێککەوتنە دەگوازرێتەوە ناو پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١  لە رێگەی بەردەوامی گفتوگۆکانی نێوان عێراق و ھەرێم، هەردوو لاش ڕێککەوتوون لەسەر چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە ھەڵپەسێردراوەکان ئەنجامدانی ئەرکە دەستورییەکانی سەر شانیان لەسەر بنەمای دەستور.

دوێنێش سێشەممە، نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی هەرێمدا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، “لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەماهەنگی نێوان دەزگاکانی دەوڵەت و کاری پێکەوەیی هەردوولا کراوە، بۆ بەدەستهێنانی داواکاری و بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق بە گشتی.”

دوێنێ، شاندێکی هەرێم لە بەغدا لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق و دواتر لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراقدا کۆبووەوە، تاوەکو لەبارەی ناردنی بەشە بودجەی هەرێم و چەند پرسێکی دیکەوە بگەنە رێککەوتن.

لە چەند مانگی رابردوودا چەند جارێک شاندی هەرێم سەردانی بەغدای کردووە، بەڵام لەسەر پرسی نەوت و موچە نەگەیشتوون بە رێککەوتن، پێشتریش بڕیاربوو شاندەکە رۆژی یەکشەممەی رابردوو بچێتە بەغدا بەڵام دواتر سەردانەکە دواخرا و بەرپرسانی هەرێمیش باسیان لەوەکردبوو کە هۆکارەکەی تەکنیکی بووە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close