كوردستانهەواڵ

گه‌شتی فڕۆكەخانەكانی ھەرێمی كوردستان كرانەوە

ئەمڕۆ شەمە 1/8/2020 ھەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و سلێمانی بە رووی گەشتیاراندا كرانەوە و چەند رێكار و رێنمایی تەندروستیش بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیراوەتەبەر.

ھەردوو بەڕێوەبەرایەتی فڕۆكەخانەكانی ھەولێر و سلێمانی جەختیان لەوەكردووەتەوە دەبێ گەشتیاران پێش گەشتكردن پشكنینی كۆرۆنا لە (PCR) بكەن، بە مەرجێك 48 كاتژمێری بەسەردا تێنەپەڕیبێت.

ھۆشمەند سادق، پەیامنێری كوردستان24 لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر رایگەیاند، كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكەم گەشت لە فڕۆكەخانەی بەغدا بۆ ھەولێر ئەنجامدەدرێت، جگە لە گەشتی نێوان ھەولێر و بەغدا، ئەمڕۆ گەشت لەنێوان ھەولێر – دوبەی، ھەروەھا ھەولێر – ئەنقەرە ھەیە.

راگەیاندنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە: “پێویستە گەشتیارانی چوون و ھاتن دەمامک و دەستکێش بەکاربھێنن لە تێرمیناڵی فڕوکەخانە. بەپێی ئەو شوێنەی کە گەشتی بۆ ئەنجام دەدەن، گەشتیاران پێویستییان بە پشکنینی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە جۆری (PCR). پێویستە گەشتیاران، بەر لە ھاتنیان بۆ فڕۆکەخانە، پەیوەندی بە ئەو ھێڵە ئاسمانییەوە بکەن کە گەشتەکەیان لە رێگەیەوە ئەنجام دەدەن، بۆ دڵنیا بوون لە جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکانی ئەو شوێنەی کە بۆی دەچن”.

روونیكردووەتەوە: “پشکنینەکان، بەپێی بڕیاری بەڕێوبەرایەتی پاراستنی تەندروستی هەولێر، لە بنکەی تەندروستی زانکۆ، رێگای کەرکووک، تەنیشت کۆلێژی زانست، ئەنجام دەدرێن. ئەو گەشتیارانەی کە دێنە ھەرێمی کوردستان، پێویستە یان پشکنینی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە جۆری (PCR) بەر لە 48 کاتژمێر بەر لە ھاتنیان ئەنجام بدەن، یاخود لە کاتی گەیشتنیان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەربیل پشکنینەکەیان بۆ ئەنجام دەدرێت و تێچوویەکەی دەکەوێتە سەرشانی گەشتیار. پێویستە سەرجەم گەشتیارە ھاتووەکان بەڵێننامەیەک پڕبکەنەوە کە بۆ ماوەی 14 رۆژ خۆیان کەرەنتین بکەن، لە دوای گەیشتنیان بۆ ھەرێمی کوردستان”.

فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر ئەوەشی خستووەتەروو: “ھەریەک لە شاندی فەرمی، خاوەنکار و ئەو گەشتیارانەی بۆ ماوەیەکی کورت دێنە کوردستان، ئەم خاڵەی سەرەوە (خۆ کەرەنتینکردن بۆ ماوەی 14 رۆژ) نایانگرێتەوە”.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close