سەرۆك كۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی تەمموز، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە، و جەختیکردەوە لەوەی کە ناوچەکە پێویستی بە لێکگەیشتنی هاوبەشە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەییە بۆ قەیرانەکان و چەسپاندنی ئاسایش لە ناوچەکەدا.
لە ڕاگەیەنراوێکدا سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆككۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح جەختیكردەوە، لە گرنگی پەیوەندی مێژوویی قوڵ و دێرینی نێوان عێراق و كۆماری ئیسلامی ئێران و پێویستی فراوانكردنی ئاسۆی هاریكارییە دوو قۆڵییەكانی هەردوو وڵات لە زۆربەی بوارەكاندا.
بەرھەم ساڵح ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ناوچەكە پێویستی بە بونیادنانی پەیوەندی هاوسەنگ و هەماهەنگی و لێکگەیشتنی هاوبەش و تێڕوانینێكی ڕوون و ئاشكرایە بۆ گەیشتن بە چارەسەری ڕیشەییە بۆ قەیران و ئاڵۆزییەكان بە پشت بەستن بە دیالۆگی بونیادنەرانە و راشكاوانە لە نێوان تەواوی لایەنە نێودەوڵەتییەكان.
سەرۆك کۆمار جەختیكردەوە لەوەی، عێراق گرنگی دەدات بە پارێزگاریكردن لە سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری خاکەکەی، ھاوکات هەماهەنگی دەکات لەگەڵ هاوپەیمان و دۆستەكانی لە چوارچێوەی ڕێزگرتنی هاوبەش و ڕێگرتن لە دەستخستنە نێو كاروباری ناوخۆ یەکدی، سوپاسی هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشی کرد لە هاوکاری کردنی عێراق بۆ شەڕی دژی داعش.
لەلایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی ئێران، محەممەد جەواد زەریف، ئامادەیی وڵاتەكەی نیشاندا بۆ فراوانكردنی ئاسۆی هاریكار و هەماهەنگییە دووقۆڵییەكان و پشتیوانی عێراقیش کرد لەگشت ئاستەكان، ھەروەها باسیلە گرنگی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتانی ناوچەكە لە پێناو پشتیوانیكردن و درێژەدان بە بەگژاچونەوەی تیرۆردا کرد.