تەندروستی

زیانەکانی بوتڵی پلاسیک


🔸گرنگترین نیگەرانی دەربارەی زیانەکانی بوتڵی پلاستیک ئەوەیە کە ئەو گەردیلە پلاستیکییە وردانەی کە لەناو ئەو بوتڵانەدا هەن کە بە مایکرۆپلاستیک ناسراون، کاتێک لەلایەن ئاژەڵە دەریاییەکانەوە قووت دەدرێن، دواتریش مرۆڤ ئەو ئاژەڵە دەریاییانە دەخوات وەک ماسی، بەم شێوەیەش دەگوێزرێتەوە بۆ مرۆڤ. وابیر دەکرێتەوە کە ماددە جەمسەرییە پلاستیکیەکان بەشدارن لە گەشەکردنی هەندێک نەخۆشی، بە تایبەت هۆکاری شێرپەنجە و تێکدانی هۆرمۆنەکان دەگەڕێتەوە بۆ زۆرێک لەو ماددە کیمیاییانەی کە بۆ بەرهەمهێنانی پلاستیک بەکاردەهێنرێن.

🔸گەشەی بەکتریا: گەورەترین مەترسی لە دووبارە بەکارهێنانەوەی بوتڵە پلاستیکییەکان گەشەی بەکتریایە، زۆرجار دەبێتە هۆی ژەهراویبوون و هەوکردنی توندی گەدە و ڕیخۆڵە و برینی گەدە.

🔸پیسبوونی ژینگە: پلاستیک یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان لە پیسبوونی هەردوو ژینگەی وشکانی و ئاویی، کاتێک بە شێوەیەکی درووست لەناو نەبردرێت، لە ئۆقیانوس و ڕووبارەکاندا کۆدەبێتەوە و زیان بە زیندەوەرە ئاوییەکان دەگەیەنێت، هەروەها گەر لە خاکیشدا بمێنێتەوە زیانی پێ دەگەیەنێت چونکە چەندین سەدە دەخایەنێت تا شی دەبێتەوە.

🔸هۆکارە بۆ کەمبوونەوە و لەناوچوونی دارستانەکان: نەوت لە دروستکردنی پێداویستییە پلاستیکییەکاندا بەکار دەهێنرێت، واتە بەرهەمهێنانی پلاستیک بەشدارە لە بڕینی دارستانەکان، تا پلاستیک زیاتر بەکاربهێنین، دارەکان زیاتر دەبڕدرێن بۆ ئەوەی شوێن بۆ دامەزراوە و کێڵگەی پاڵاوتنی نەوت بکرێتەوە.

🔸گۆڕانی کەشوهەوا: بەرهەمهێنانی پلاستیک گازی زیانبەخش دەردەدات و دەچێتە ناو بەرگە هەواوە کە بەشدارە لە گۆڕانی کەشوهەوا، گۆڕانی کەشوهەوا مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر مرۆڤ و گیانلەبەرە کێوییەکان.

🔸کاتێک پلاستیکەکان شی دەبنەوە ماددەی کیمیایی دەردەکەن کە مەترسیدارن بۆ تەندروستی و ژینگە و گیانلەبەرە کێوییەکان، هەندێک لەو ماددە کیمیاییانەی کە لە کاتی سووتاندنی پاشماوەی پلاستیکدا دەردەکەون، شێرپەنجە دروست دەکەن، وەک دایۆکسین (ناوی باوی کۆمەڵێک لە ماددە کیمیاییە ژەهراویەکانە). دایۆکسین ژەهراوییە بۆ مرۆڤ، کاتێک لە ڕێگەی بەرکەوتن بە دوکەڵەوە هەڵمژێت دەتوانێت لە جەستەی مرۆڤدا کۆببێتەوە و لە دایکەوە بۆ کۆرپە لە ڕێگەی منداڵدانەوە بگوازرێتەوە، هەروەها دایۆکسین دەکرێت بکەوێتە سەر بەرهەمە خۆراکییەکان و ڕاستەوخۆ بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close