ئابووریعێراقهەواڵ

وەزارەتی پلاندانانی عێراق بودجەی فیدراڵیی ٢٠٢٠ی عێراق دیاری كرد

وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، قەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی ساڵی ٢٠٢٠ی عێراق، نزیکەی ١٤٦ ترلیۆن دینارە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، نزیکەی ٨٠ ترلیۆن دینار کورتهێنانی هەیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ماهر جوهان بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠مان رەوانەی وەزارەتی دارایی کرد و ئەوانیش بۆ پەسەندکردنی، رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانیان کرد.”

ڕاشیگەیاند، “پرۆژەکە ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت بۆ ئەوەی پەسەندی بکات و رێگە خۆشبێت لەبەردەم پەسەندکردنی یاسای قەرزکردن بۆ پێدانی شایستەی فەرمانبەران و هاوڵاتیان.”

باسی لەوەشکرد، پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی ساڵی ٢٠٢٠ کە وەزارەتی دارایی چوارشەممەی رابردوو رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد، هەمان پرۆژەیاسایە کە پێشتر ئامادەکرابو هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە .

 دەشڵێت. “تەنها  پلانی دامەزراندن کە بەهۆی خانەنشینکردنی ژمارەیەک فەرمانبەران دابینکران لە پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی ساڵی ٢٠٢١دا جێگیردەکرێن کە ئێستا کار بۆ ئامادەکردنی دەکرێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتەکانی پلاندانان و نەوت و بانکی ناوەندیی و دەستەی گومرک و فەرمانگەی قەرزی گشتی کار بۆ دابینکردنی پارە بۆ بودجەی فیدراڵیی ساڵی ٢٠٢١ دەکەن.

چەند رۆژی رابردووش، شاندێکی تەکنیکی هەرێم کە پێکدەهاتن لە دوو وەزیر و چەند بەڕێوەبەرێکی هونەری وەزارەتی دارایی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی دیکە، بۆ تاوتوێی پرسی بودجەی ٢٠٢١ی فیدراڵیی چوونە بەغدا. چاوەڕواندەکرێت بە زووی شاندێکی حکومەتی هەرێم بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بودجە سەردانی بەغدابکەن.

تاوەکو ئەم ساتەش، لیژنەکانی ئامادەکردنی بودجەی گشتیی لە پەرلەمان و حکومەتی عێراق، هەر بڕی لە سەدا ١٢.٦٧یان بۆ هەرێم داناوە و گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە.

وابڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ١٠ی داهاتوودا، پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی بچێتە ناو پەرلەمانی عێراق و دەنگی لەسەر بدرێت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close