كوردستانهەواڵ

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە سلێمانی چوار منداڵ گیانیان لەدەستدا

بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر رێگەی تاسڵوجە – سلێمانی چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار کەسیش برینداربوون.  

رووداوەکە ئێوارەی پێنجشەممە بووە. بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی لەبارەی هۆکاری رووداوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری سێنترای تایبەت بەهۆی تیژڕەوییەوە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و خۆی بە ستوونی کارەبادا کێشاوە. 

عەمید فەرەیدوون عومەر ئەحمەد، بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی راگەیاند، ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە چوار منداڵ و نەوجەوانن، تەمەنیان پێنج ساڵان، هەشت ساڵان، نۆ ساڵان و 15 ساڵان بووە.

لەنێو ئۆتۆمبێلەکە هەشت سەرنشین هەبووە، کە بە گوتەی بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی زیاد لە توانای ئۆتۆمبێلەکەیە و هۆکاری زۆری ژمارەی گیانلەدەستدانە لەو رووداوە.

ئەو کەسانەی بریندارن دوو منداڵ و دوو ئافرەتن کە ئافرەتێکیان شۆفێرەکەیە. بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی گوێزراونەتەوە، عەمید فەرەیدوون گوتی، “تەندروستییان خراپ نییە”. تەرمی ئەو کەسانەشی کە گیانیان لەدەستداوە بۆ پزیشکی دادوەریی سلێمانی گوێزراونەتەوە. 
 بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی لە رێگەی رووداوەوە داوای لە شۆفێران کرد، وریا بن لەکاتی شۆفێریکردن و پابەندی یاسا و رێنماییەکانی هاتووچۆ بن. “با تەنیا هۆش و بیریان لەلای شۆفێریکردن بێت و بە شتی دیکەوە سەرقاڵ نەبن”.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close