
بانگهێشتنامەی دیمەشق و مانا سیاسییەکەی و شێخ عیرفان لە هاوکێشە نوێیەکانی ناوچەکەدا..
سەلام کەریم عبدالله
لە ناو ئاڵۆزی و گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکەدا، دیبلۆماسییەت بەردەوام تاقیکردنەوەی سەنگ و قورسایی هێزە فکری و سیاسییەکانە. ئاراستەکردنی بانگهێشتنامەی فەرمیی دەوڵەتی سووریا بۆ بەڕێز شێخ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، ڕابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی، لە ڕێگەی دکتۆر محەممەد ئەبولخەیر شوکری وەزیری ئەوقافی سوریاوە بۆ ئەنجامدانی دیداری لەگەڵ بەڕێز ئەحمەد شەڕع سەرۆک کۆماری سووریا، تەنها بانگهێشت نامەیەکی ئاسایی نییە بەڵکو دانپێنانی بەئاگایانەیە بە پێگە و ڕەنگدانەوەی قوڵی ئەم ڕەوتەئیسلامییە ڕەسەنەی کورد و پێگەی ڕابەرەکەی.
ئەم پێشهاتە، خوێندنەوەی بۆ چەند حەقیقەتێکی نەگۆڕ دەکات:
پێگەی مێژوویی و سەنگی ناوچەییی بزووتنەوەی ئیسلامیی:
بزووتنەوەی ئیسلامیی هەر لە سەرەتای کاروانی خۆیەوە لەساڵی ( ١٩٨٧ )ەوە تەنها جوڵانەوەیەکی ناوخۆیی نەبووە، بەڵکو وەکو قوتابخانەیەکی ڕەسەنی فکری و نەتەوەیی، هەمیشە خاوەن پەیام و کاریگەری بووە لە هاوکێشە هەرێمییەکاندا. ئەم بانگهێشتە فەرمییەی کۆماری سووریا نیشانیدەدات کە بزووتنەوە هێشتا وەک هێزێکی بەسەنگ و خاوەن ڕوانگەی ستراتیژی لە ناوچەکەدا تەماشا دەکرێت.
سیاسەتی حەکیمانە و دوربینی و وردبینی شێخ عیرفان:
سەرکردایەتیکردنی ڕەوتێکی ئیسلامیی لە نێو ئاڵۆزییەکاندا، پێویستی بە حیکمەت و دووربینیەکی نەگۆڕ هەیە. شێخ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز توانیویەتی بە حیکمەتی سیاسیی خۆی، پردی لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ دەوروبەردا بونیاد بنێتەوە. ئەم بانگهێشتە بەرهەمی ئەو دیدگا حەکیمانەیە کە دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش دەکاتە بنەمای چارەسەری پرسە گەورەکان.
دیالۆگ لەسەر ئاستی باڵا و داهاتووی ناوچەکە:
سازدانی دیداری باڵا لەگەڵ سەرۆک کۆماری سووریا، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دیدگا سیاسی و ئیسلامییەکان لەسەر چارەنووسی ناوچەکە، ئارامیی کۆمەڵایەتی، و پاراستنی ماف و بەرژەوەندییە باڵاکان. ئەمە بەکردەیی خستنەگەڕی دیپلۆماسییەتی ئیسلامییە لە پێناو خزمەتکردنی ئاشتی و داپەروەریدا.
ئەم هەنگاوە سەلمێنەری ئەوەیە کە کاتێک هێزێکی سیاسی لەسەر بنەمای حیکمەت و ڕەسانایەتی فکری مامەڵە دەکات، دەرگاکانی دیبلۆماسی نێودەوڵەتی و هەرێمی بە ڕوویدا کراوە دەبن و دەنگی حەقی دەگاتە باڵاترین ئاستی بڕیار.




