
داوی دوو ساڵ لە هەڵبژاردن، با ئێمەش کەمێک بە وەزعەکەی ئەوان پێبکەنین!
کاتێک گاڵتەجاڕی سیاسی دەگاتە لووتکە، شتی سەیر ڕوو دەدات؛ دوو ساڵە هەڵبژاردن کراوە و دەرگای پەرلەمانیش داخراوە، حکومەت بە ماوەبەسەرچوویی ماوەتەوە و حکومەتی نوێش پێک نایێت!
ئەمە هەر تەنزێکی سادە نییە، بەڵکو ڤلۆک میدیایەکی بێدەستووریی تەواوە؛ عەقڵی سیاسیی لایەنەکان تووشی “شۆکێکی سەیروسەمەرە” بوون.
لەم شانۆگەرییە پێکەنیناوییەدا، (یاسا و لۆژیک) سەریان کز کردووە، حیزبەکان، بە دەسەڵات و بێدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، لە بێدەنگییەکی بێزارکەردا دەژین و هەموویان دەستیان بە بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە گرتووە.
پەرلەمان، کە دەبوو یاسا دەربکات و چاودێریی حکومەت بکات، دوای دوو ساڵ بەهۆی ناکۆکیی حیزبییەوە دەرگاکەی قفڵ کراوە و ئەندامانی پەرلەمانیش هەموویان بێکارن.
شاکارەکە لێرەدایە: پەرلەمانتارەکان دوو ساڵی تەواوە مووچە، دەرماڵە، پاسەوان و ئۆتۆمبێلی پەرلەمانییان وەردەگرن و تاکە کارێک کردوویانە، تەنها وەرگرتنی مووچەکانیان بووە!
خەڵک دەنگی دا و کۆمەڵێک بوونە پەرلەمانتار و دامەزران بە مووچەی هەشت ملیۆنی لەگەڵ کۆمەڵێک ئیمتیازی تری بەرزدا، کە بووەتە بارێکی قورس بەسەر حکومەت و بودچەی گشتییەوە. لە ماوەی بیست و چوار مانگی ڕابردوودا (نۆزدە ملیار و دووسەد ملیۆن دینار) تەنها بۆ مووچەی (سەد) ئەندامپەرلەمان خەرج کراوە؛ لەم ماوەیەدا هەر ئەندامپەرلەمانێک نزیکەی دووسەد ملیۆن دیناری وەک مووچە وەرگرتووە.
لەم شانۆگەرییەدا، حکومەت هەر پێک نەهاتووە و دوو حیزبی دەسەڵات ڕێک ناکەون، کەچی لە کابینە بەسەرچووەکەدا وەک برا شەریکن، دەستلەملان و نوکتە بۆ یەکتر دەگێڕنەوە.
لە میدیاکانی حیزبیشدا جەنگێکی دەروونییان بۆ خەڵک دروست کردوە، کەچی لە دیوەکەی ترەوە دوو ساڵە خەریکی دەمەقاڵەن لەسەر پشک و پۆستەکانی سەرۆکوەزیران، وەزارەتەکان، بریکار و تا دەگاتەوە بە بەڕێوەبەرە گشتییەکان.
ئەوان تێڕوانینیان وایە هەمیشە خۆیان حیزبی حاکم دەبن و کەس بۆی نییە جێگەیان بگرێت، هیچ حیزب و کەسێکیش ناتوانێ بەدیلی ئەوان بێت!
خەڵکی هەڵبژاردنیان کرد و هیوایان وابوو لە پاش هەڵبژاردن کێشەکانیان چارەسەر ببن، کەچی کەوتنە ناو یارییەکەوە کە ئەوسەری دیار نییە.
سیاسەتمەدارەکان هەموو ڕۆژێک لە ڕاگەیاندنەکانەوە دەردەکەون و بە دەمێکی پڕ لە متمانەوە دەڵێن: “ئێمە لە گفتوگۆیەکی چڕداین بۆ پێکهێنانی حکومەت!… ئێمە پەرۆشی بەرژەوەندیی گشتیی میللەتین”، کەچی هێشتاش گفتوگۆکانیان لە خاڵی سفری سەرەتادایە!
گاڵتەجاڕییەکە گەیشتووەتە لووتکە و ئەوان لەبری داوای لێبوردنکردن، هێشتاش منەت دەدەنەوە بەسەر خەڵکی هەرێمی کوردستاندا و خۆیان بە پارێزەری گەل دەزانن؛ لە کاتێکدا خەڵکی هەرێمی کوردستان لە دونیایەک قەیرانی بودجە، مووچە، سووتەمەنی، هەژاری و بێکاریدا چەقیون، ئەوان هێشتاش هەر بە دەم تەنزەوە پێدەکەنن بە وەزعەکە!
هەر بەڕاست، بۆ دەبێت ئێمەش ئەوەندە گرژ، مۆن و خۆشباوەڕ بین؟ با ئێمەش ئیتر کەمێک بە شاکار و وەزعەکەی ئەوان پێبکەنین!
ن. شۆڕش کەمال
.




