
کاریگەریی پرۆپاگەندە لە شڵەژانی بازاڕی دراودا
سەرکۆ یونس✍️باسک نێت
نرخی دراو لە ئابووریدا تەنها ژمارەیەکی ڕووت نییە، بەڵکو پێوەرێکی سەرەکییە بۆ هەڵسەنگاندنی متمانەی گشتی بە سیاسەتی نەختینەیی و دارایی و دۆخی ئابووریی وڵات. لە ماوەی یهك دوو ڕۆژی ڕابردوودا، بەرزبوونەوەی خێرای نرخی دۆلار لە بازاڕەکاندا دوای ئەوە هات کە هەواڵ و پێشبینییەکان سەبارەت بە گۆڕینی بەهای فەرمی دینار لە بودجەدا بڵاوکرانەوە؛ کەچی لە ڕاستیدا ئەم شڵەژانە تەنها بە لێدوانێکی سیاسی و پەرلەمانی دەستی پێکرد، نەک بە بڕیارێکی ڕەسمی و ستراتیژی لەلایەن دەسەڵاتی نەختینەیییەوە، واتە بانکی ناوەندی.
کورتهێنان و لێدوانە ناسەقامگیرەکان
کێشەی کورتهێنانی بودجە لە عێراقدا دیاردەیەکی مێژوویی و بونیادییە، کە هەمیشە بەهۆی پشتبەستنی تەواو بە داهاتی نەوت و قەبارەی گەورەی خەرجییەکانەوە دووبارە دەبێتەوە. بۆ نموونە؛ لە ڕەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی دارایی ٢٠٢٧ـدا، قەبارەی کورتهێنان بە نزیکەی ٦٥ تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە. حکومەت بۆ کەمکردنەوەی ئەم کورتهێنانە ڕێگەی جیاوازی لەبەردەمدایە، وەک کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان یان فراوانکردنی داهاتی نانەوتی، بەڵام یاریپێکردن بە نرخی دراو یان وروژاندنی پرسی دەستکاریکردنی بەهای دینار، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی لێدان لە توانای کڕینی مووچەخۆران و توێژە کەمدەرامەتەکان؛ چونکە داهاتی ناوخۆ بە دینارە و تەواوی کاڵا و پێداویستییەکانی بازاڕ بە دۆلار دەمێننەوە. چارەسەرکردنی کورتهێنانی بونیادی بە لێدوانی ناڕەسمی و هەواڵی ناسەلمێنراو ناکرێت.
ڕۆڵی پرۆپاگەندە لە پەکخستنی متمانەی بازاڕدا
بازاڕی دراو بە سروشتی خۆی زۆر هەستیارە بەرانبەر بە پێشبینی و چاوەڕوانییەکان. کاتێک هەواڵێکی نەگونجاوی لێ دەردەچێت، زنجیرەیەک کاردانەوەی خێرا دروست دەکات:
• هاووڵاتییان و بازرگانان بۆ پاراستنی سەروەتەکەیان لە دابەزینی بەهای دینار، بە لێشاو دۆلار کۆدەکەنەوە، چونكە گەرەنتیدارە و بەهێزە.
• دووکانداران و بازرگانانی کاڵا، لە ترسی بەرزبوونەوەی تێچوو، نرخەکان بە شێوەیەکی خێرا بەرز دەکەنەوە، چونكە زۆربەی کاڵاکان هاوردەکراون.
• بازاڕی نافەرمی (موازی) زیاتر لە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی دوور دەبێتەوە و بۆشاییەکە فراوانتر دەبێت؛ بۆ نموونە؛ لە ئێستادا نزیکەی ٢٨ هەزار دینار دەبێت.
مێژووی بازاڕی عێراق پڕە لەو دەنگۆیانەی کە پێشتر لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بە فەرمی ڕەتکرابوونەوە، کەچی پێش دەرچوونی ڕوونکردنەوەکان، بازاڕ بە خێراییەکی زۆر کاردانەوەی دەبوو، ئەمەش شڵەژانی لە بازاڕدا دروست کردووە.
لایەنی نەختینەیی و سیاسەتی بانکی ناوەندی
لە ڕوانگەی زانستی ئابوورییەوە، داڕشتنی سیاسەتی نەختینەیی تایبەتمەندیی سەربەخۆی بانکی ناوەندییە و لێدوانی پەرلەمانتار یان گۆڕینی ئاراستەی سیاسی نابێتە بڕیاری دارایی. لە لایەکی ترەوە، کێشەی دابینکردنی دۆلار لەژێر فشاردا بووە، بە جۆرێک کە داهاتی فرۆشتنی نەوت لە بەشێک لە ماوەکاندا دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و ئەمەش وای کردووە دابینکردنی کاش ناسکتر بێت و بازاڕ بە ئاسانی بە هەر دەنگۆیەکی بچووک بشڵەژێت.
چارەسەری ستراتیژی: فرەچەشنکردنی ئابووری
بەهێزبوونی بەهای دینار هەرگیز بە لێدوان و گۆڕینی کاغەزی بودجە دروست نەبووە و نابێت، بەڵکو بنەماکەی لە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و بووژاندنەوەی کێڵگە ئابوورییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی ڕەها بە دۆلار و داهاتی نەوت، پێویستە:
• کشتوکاڵ :پاڵپشتیی ڕاستەقینەی جوتیاران بکرێت بۆ کەمکردنەوەی هاوردەکردنی بەرهەمە سەرەتاییەکان.
• پیشەسازی : ژێرخانی بەرهەمی ناوخۆیی ببوژێنرێتەوە تا هاوسەنگی لە نێوان هاوردە و هەناردەدا دروست ببێت.
• گەشتوگوزار : کەرتی نانەوتی وەک سەرچاوەیەکی تری هێنانی دراوی بیانی بەهێز بکرێت، چونكه عێراق بهههرێمی كوردستانهوه، خاوهن چهندین شوێن و جێگای گهشتوگوزارییه.
هۆشیاریی میدیایی و بەرپرسیارێتی
لە کاتی دروستبوونی شۆکی ئابووری و بڵاوبوونەوەی هەواڵی هەستیاردا، دەبێت میدیاکان و هاووڵاتییان بەم شێوەیە مامەڵە بکەن:
• پشتبەستن تەنها بە سەرچاوە فەرمییەکان بێت، وەک بانکی ناوەندی و وەزارەتی دارایی.
• خۆپاراستن لە پەلەکردن و کۆکردنەوەی دۆلار لەسەر بنەمای دەنگۆ و قەیرانی درۆینە.
• میدیاکان پابەندبن بە بڵاونەکردنەوەی ژمارە و داتای نەپشکنراو کە دەبنە هۆی دروستکردنی قەیرانی دەروونی.
لهكۆتایدا دهتوانین بڵێین، ئەو شڵەژانانەی لە بازاڕی دراودا دروست دەبن، لە بنەڕەتدا قەیرانێکی دەروونی و چاوەڕوانیین نەک کورتهێنانی ڕاستەقینەی دارایی لە هەموو کاتێکدا. چارەسەری هەمیشەیی لە دەستکاریکردنی بەردهوامی نرخی دراودا نییە، بەڵکو لە گرتنەبەری شەفافیەتێکی دارایی، خێرایی لە ڕوونکردنەوەکانی بانکی ناوەندی، و ڕزگارکردنی ئابوورییە لە تاکسەرچاوەیی نەوت.



