
گەورەترین_بایکۆت_لەهەڵبژاردنەکانی 11/11 / 2025
هەرێمی_کوردستان_و_عێڕاق_دەکرێت .
(هۆکار و ڕەهەند و دەرئەنجام)
حەسەن ئەمین موحەمەد شێخانی✍️باسک نێت
٨ ڕۆژ پێش لە Boycottـــــی هەڵبژاردن .
تێبینی : ئەم بابەتە بۆ کەرکوک و باوجەکانی ماددەی ١٤٠ نیە .جونکە ئەو ناوچانە ململانێی نەتەوەیی و مەزهەبی و هەرێمایەتی هەیە دەنگدەری خۆی هەیە .
پێشەکی :
ئەمە وتارێکی زانستی و ڕەھەندییە لەسەر ھۆکارەکانی بایکۆت لە ھەڵبژاردنەکانی ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ لە ھەرێمی کوردستان و عێڕاق کە بڕیارە چەند ڕۆژێکی تر ئەنجام بدرێت، بە تایبەتی لە پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و هەولێر و بەغداد و پارێزگاکانی باشووری عێڕاق.
ھەڵبژاردنەکانی ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، بایکۆت وەک نمونەیەکی لێکۆڵینەوە – ھۆکارەکان، پاڵنەرەکان و دەرئەنجامە چاوەڕوانکراوەکان دەکەینە سەرباس و دەستپێکی ئەم بابەتە.
سێ بابەتی زۆر گرنگ هەن دەبێ پێش چونە ناو ناوەڕۆکی بابەتەکە ئاماژەی پێ بدەم:
یەکەم: ڕێژەی بەشداربوون: داتا فەرمییەکان
لە هەڵبژاردنەکانی خولەکانی پێشوو لەهەرێمی کوردستان و عێڕاق چەند بووە:
بەپێی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق (IHEC)، ڕێژەی بەشداربوون لە هەڵبژاردنەکانی ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بە شێوەیەکی جێی سەرسوڕمان کەم بوو:
– ڕێژەی گشتی بەشداربوون لە عێراق: نزیکەی ١٨٪ بە تێکڕا.
– هەرێمی کوردستان: ڕێژەکە نزیکەی ١٢٪ بوو.
– هەندێک ناوچە: لە ناوچەکانی ئەنبار و سەلاحەددین، ڕێژەی بەشداربوون تا ١٠٪ یش کەمتر بوو.
ئەم داتایە بەراورد دەکرێتەوە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشوو:
– هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨: نزیکەی ٤٤٪.
– هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢١: نزیکەی ٣٦٪.
– پێشبینی ٢٠٢٥: ١٠-١٥٪
بەواتای ئەوەی بەرەی بایکۆت ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەبێت، ئەمەش هۆکارەکانی زۆرن بەوردی ئاماژەی پێ دەدەین.
دووەم: لەهەڵبژاردنی پێشوو بۆ پەرلەمانی کوردستان زۆر لایەن بەشان و باڵی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێڕاقدا هەڵیان دا دواتر هەر ئەو لایەنانە دوای راگەیاندنی دەرئەنجانەکانی هەڵبژاردن دەستیان کردە تانەگرتن و سکاڵا بەرزکردنەوە و گومان خستنە سەر کارو راستگۆیی ئەو کۆمسیۆنەو سەدان تۆمەتیان داوە پاڵی کارەکانیان.
ئێستا لۆجیکی نیە هەر کۆمسیۆن هەر هەمان وەک دەڵێن دەس ودائیرەیەو هەر هەمان ئامێرو ئالیەت بۆ دەنگدان بگرە خراپتر چونکە پەنجە مۆرکردن نەماوە لەم هەڵبژرادنە، ئیتر بۆ ئەو لایەنانە جوکەیان لێوە نایە، یان ئەو کات بەهەڵەیاچون بۆ هەڵسەنگاندنتان کە کۆمسیۆنی بەغداتان کردە فریادڕەس و ئەلتەرناتیڤی کۆمسیۆنی کوردستان، ئێستاش پێتان دەڵێین لەدوای هەڵبژاردن هاوارتان لێ هەڵنەسێ و دادو بێداد بکەن چونکە بێ گومان لەچاو ئەزمونی پێشوو دەرئەنجامەکان بەدڵی ئێوە نابێت.
سێهەم: وە هەر لە سەرەتادا دەبێ بزانین ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ لە ھەرێمی کوردستان، کە قۆناغێکی گرنگی سیاسییە لە ناو چەرخێکی پڕ لەملمانێی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و تەنانەت هەرێمایەتی و زلهێزەکان، ئاماژەکان وا دەردەکەوێت وەک گەورەترین ناوچەی بایکۆتی ھەڵبژاردنەکان شارە گەورەکانی عێڕاق و هەرێمی کوردستان دەبێت. ئەم دیاردەیە پێویستی بە شیکردنەوەیەکی زانستی و ڕەھەندی ھەیە وە ھۆکارە ڕاستەوخۆکان و دەرئەنجامەکانی ئەم بایکۆتە لەسەر دەسەڵات و دیموکراسی لە ھەرێم و عێڕاق بەگشتی.
با بێینەسەر ھۆکارە بنەڕەتی و ڕیشە مێژوویییەکانی بایکۆت:
١. کێشەی ڕەواپەندێتی سیاسی (شەرعیەتی دەسەڵات):
پووچەڵکردنەوەی پەیمانی کۆمەڵایەتی: سەرکەوتوونەبوونی ئەرستۆکراتی سیاسی لە جێبەجێکردنی پەیمانەکانیان وەک دابینکردنی خزمەتگوزاریە سەرەتییەکان (وەک کارەبا، ئاو، تەندروستی) و دابینکردنی کار، کە بووەتە ھۆی دوورکەوتنەوەی نێوان هاوڵاتیان و دەسەڵاتداران بەگشتی و هەڵبژاردنەکانی ئەم جارە بەتایبەت و سیستەمی سیاسی لەئاییندەدا و بێ متمانەیی گەیشتوەتە وەک دەڵێن ئەوجی یان لوتکە، هەر بەڵێنی فشاڵ و بێ منەتی لەجەماوەر ئەمڕۆ ڕۆژی تۆڵەکردنەوەیە لێتان بازرگانانی چارەنوسی خاک و وڵات.
_ هەروەها بێنە سەر حکومڕایان لەکوردستان زەوتکردنی دوو حیزبی گەورە: (پ.د.ک) و (ی.ن.ک) بەسەر دەسەڵاتی حوکمی ھەرێم و پێکھاتەکانی، و گۆڕینیان بۆ “دەوڵەتی حیزب” نەک حیزب ببێتە بەشێک لە سیستمی ئاڵۆگۆرکردن و دەساودەسکردنی دەسەڵات کە لە ئەدەبیاتی حزبەکان پەیوەندی بە حیزبەوە لە پەیوەندی بە نەتەوەوە گرنگترە، و ئێستا نیشتمان پەروەری واتا وەلائی ڕەها بۆ حەق و ناحەقی حزب و دەسەڵات کە بووەتە ھۆی لاوازکردنی بیرۆکەی دەنگدان وەک ئامرازێک بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی و بەهێزکردنی بنەمای ئازادییەگشتییەکان.
_ دەستێوەردانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوو: زۆربەی دەنگدەرەکان، بە تایبەت ئەوانەی بەناو ئۆپۆزسیۆنیان پێ دەوترێ، ڕازی بوون کە ھەڵبژاردنەکان ڕاست و دروست نین و ئەنجامەکانی پێشتر دیاری کراوە، کە وایکرد ھەڵبژاردن تازە نابێتە ئامرازێک بۆ نیشاندانی ویستی خەڵک و،گۆڕانکاری لە حکومڕانی و دەسەڵات. ئەمەش لە ڕێژەی بەشداریکردنی هاوڵاتیان کە هەر خولێک کەمترە لەخولەکانی پێشووتر دەبێت.
ئاماژەمەمان بە داتاکانی بەشداریکردنی هاوڵاتیان دا لەخاڵی یەکەمی سەرەتای بابەتەکە لە خولەکانی پێشوو و دواین خولی هەڵبژاردن کە هەڵبژاردنی دواتر بۆ پەرلەمانی کوردستان چەن بوەو پێشبێنی دەکرێت چەند دەبێت لە ١١ / ١١ چەند ڕۆژێکی تر.
ئومێدئکی گەورە دروست ببوو بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی بەوەی کە کۆمسیۆنی بەغدا سەرپەرشتی هەڵبژاردن دەکات بەڵام مەخابن لەوانی تر زۆر خراپتر بوو و نارەزاییەکی زۆری لێ کەوتەوە وەک ئاماژەمان پێدا وە تاکو ئێستا پەرلەمانی کوردستان دەس بەکار نەبووە و حکومەتی کاربەڕێکەری حەوت ساڵە هەر کارایەو کار دەکات، ئیتر چ پاساوێک و هاندەرێک هەبوەو هەیە بۆ بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنە دیزاینکراوەی پێشوەختە وەکو سەرکردەکانتان دەڵێن لە پێش و پاش هەڵبژاردن.
وە ئەمە دواین هەڵبژاردن بوو لە کوردستان وە ئەمە بەرهەمی بو، دەبێ بۆ عێڕاق چ بەرهەمێکی هەبێت، لەگەڵ عەقڵیەتی حکومڕانانی بەغدادا کە خۆتان دادو بێدادتانە بەدەسیانەوە.
٢_ بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی:
خاڵێکی تری گرنگ ئەویش قەیرانی ئابووری و بەرەوپێشچوونی قەیرانی دارایی لە کوردستان، دواکەوتنی مووچە بۆ چەندین مانگێک، و بڵاوبوونەوەی بێکاری لە نێوان گەنجان، کە بووەتە ھۆی دروستبوونی ژینگەیەکی خاوەن ناڕەزایی و نائارامی کە لەمێژووی گەلی کورددا نائومێدی وا دروست نەبووە لەخودی دەسەڵاتی کوردی.
٣_ وە فەسادی دارایی و بەڕێوەبردن لە ھەرێمی کوردستان و عێڕاق لە پێڕستی گەندەڵی و فەساد لە ئاستی جیھانیدا، بووەتە ھۆی بڵاوبوونەوەی “سپی کردنەوەو ” و “باندبەندی بازرگانی ” وەک میکانیزمێکی سەرەکی بۆ دابەشکردنی سامان و پلە، کە وای لە خەڵکی ئاسایی کردووە کە باوەڕ بکەن گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە ڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە نایەت لە ناو ئەم سیستەمە. حکومرانی و یاسای دەسکاری کراوی سانتلیگۆی هەڵبژاردن.
٤_ خاڵێکی تری دیکەی هۆکارەکان ئەوەش خراپبوونی خزمەتگوزاریە گشتییەکان وەک خراپبوونی سیستەمی تەندروستی و پەروەردە، بەتایبەت بەهۆی نەبونی موچەو بایکۆتەوە بەتایبەت لەزۆنی سەوز و کەمبوونەوەی سوتەمەنی و وزە گرانبونی لەم شاڵاوە قەیرانانەی ڕۆژانەی هاوڵاتیان کە وای لە خەڵک کردووە کە بیر لە ژیان و دابینکردنی بژێوی ڕۆژانەی بکاتەوە نەک بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنێکدا و لە سیاسەتێکدا کە بێ سوودە و بێ هودەیە رۆژ لەدوای ڕۆژ قەیران و پەرت بون و لەت بون و سەنگەر بەندی نێو کۆمەڵگای عێڕاق و کوردستان زیاتر دەبێت.
٥_ جیابوونەوەی سیاسی و زۆنگەرایی هەڕەشەی یەکپارچەیی هەرێمی کوردسان:
بەواتای جیابوونەوەی جوگرافی-سیاسی: دابەشبوونی ھەرێم و کوردستان بۆ چەن زۆنێک (سەوزو زەردو ناوچەکانی ژێر دەستی پ.ک.ک و ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ــــی دەستوری) بەتایبەت بۆ دوو ناوچەی کاریگەری (دهۆک و ھەولێر لە ژێر دەستی پ.د.ک، سلێمانی لە ژێر دەستی ی.ن.ک) لەگەڵ ڕاگرتنی پەرلەمانی ھەرێم، کە واتە کەمبوونەوەی ھەر گفتوگۆیەکی نەتەوەیی و دەوڵەتمەداری رەشید لە سایەی ئەم حوکم و زۆن و دەسەڵاتدارانەدا.
٦_ قەتیسکردنی بوارەکانی ئازادی: وەک ڕاوکردن ! ودەسگیرکردنی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان و سەرکردەکانی بەناو ئۆپۆزسیۆن، وداخستنی نووسینگەی حیزبە ئۆپۆزسیۆنییەکان و دەسگیرکردنی سەرکردەکانیان و بەکارهێنانی ئەوپەڕی توندوتیژی دژیان دەتوانین بڵێین ئۆپۆزسیۆن لەکوردستان و عێڕاق بەگشتی پرسەو مەراسیمی سەرخۆشیشی کۆتایی هاتووە، کە ئەوانە هەمووی پەیامێکی ڕوون بون لەماوەی ڕابردودا کە یاری و گەمەیەکی سیاسی هەرێمایەتی تاکو ئەم کاتەش سنووردارە پێشبینی دەکرێ حزب و سەرکردەی دیکەش بەر ئەو پاکتاوکردنە بگرێتەوە و ڕێگە بە پێشبڕکێیەکی ڕاستەقینەی دەساو دەسکردنی دەسەڵات ببێتە ئەدەبیاتێکی مێژوی و ڕاگوزەر لە بواری پرۆسەی حکومڕانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و پرۆسەی ئازادییە گشتییەکان و هەڵبژاردن بەگشتی.
_ ھۆکارە ڕاستەوخۆکان و ڕەهەندەکانی بایکۆت:
١. بێ هیوایی و بێلایەنی: ھەستی گشتییە کە ھەموو ھەڵبژاردنەکانی پێشوو بارودۆخە ناخۆشەکەی نەگۆڕیوە، کە بووەتە ھۆی دروستبوونی بێلایەنی سیاسی و بێھیوایی.
٢. بایکۆت وەک دەربڕینێکی نائارامی: زۆرێک لە خەڵک دەبینن کە دەنگنەدان تاکە ڕێگەی ماوە بۆ نیشاندانی ڕەتکردنەوەی تەواوی سیستەمەکە و حیزبەکان، کە پەیامێکی بەھێزترە لە دەنگدان و بەشداری کردن لەو پرۆسە پڕ گومان و قەیراناویە و کۆڵێ کێشەی دارایی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و دەستی دەرەکی زیاتر و زیاتر خستۆتە ناو سەروەری عێڕاق و کوردستان.
٣. ھۆکاری ئاسایش و نائارامی: ترس لە پەستانێکی ئاسایشی یان ناڕەحەتی لە ڕۆژی ھەڵبژاردن، بە تایبەت لە ناوچە تێکەڵاوەکان یان ناوچە ھەستیارەکان و خوارووی عێڕاق بەتایبەت و کەچەندین کاندید کوژراون و هەڕەشەیان لێ کراوەو هەندێکیان لە خۆ کاندید بوون دەکشێنەوە.
_ دەرئەنجام و کاریگەرییە چاوەروانکراوەکان :
١. لەسەر ئاستی ناوخۆی ھەرێم:
قەیرانی ڕەواپەندێتی (شەرعیەت ): کەمبوونەوەی ڕێژەی بەشداری، بە تایبەت لەبەغداو، بایکۆتکردنی سەدرییەکان و ١٢ حزبی عێڕاقی و دەیان کەسایەتی عێڕاقی و حزبەکانی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامی وەک تاکە حیزبی ئیسلامی بەتایبەت لە پارێزگای دووەم لە ڕووی ژمارەی دانیشتووەوە کە (سلێمانی)ـــیە ، بووەتە ھۆی لاوازکردنی ڕەواپەندێتی و شەرعیەتی پەرلەمان و حکومەتی داهاتوو، کە وایان لێدەکات نەرم و بێ دەسەڵات و توانا بن ودەستەوەستان بن لە چارەسەرکردنی کێشەکان.
– پتەوکردنی زۆنەکانی جیابوونەوە: بایکۆتەکە ئەو پەستانەزیاد دەکات کە لە نێوان سلێمانی و هەولێر، و بیرۆکەی زۆنی ناوچەیی و جیابوونەوەیی زیاتر دەکات کە ئێستا لە ریکلامەکانی یەکێک لە حزبە باڵادەستەکان بەئاشکرا هەڕەشە لەبەغدا دەکات و بەدروشم دەڵێ: ئێمە بە بەغداوە بەهێزین.
ئەمە لەبیری ناسیۆنالیستی کورددا پوچەڵ کردنەوەی هەمو بابەتە نەتەوەییەکانە بەتایبەت لەم قۆناغە مێژویەدا کەگۆرانکاری گەورە بەڕێوەیە لەسیاسەتی وڵاتە زلهێزەکان و ناوچەیی و هەرێماییەتییەکان.
کە مەترسی دەسەڵات لەسەر بیرۆکەی “کوردستانی یەکگرتوو” بەرەوە قۆناغێکی لاسەنگی هەنگاو دەنێ لەچاو باسی بابەتی بەنێونەتەوەی کردنی دۆزی رەوای کورد لە جیهاندا .
– زیادکردنی نائارامی کۆمەڵایەتی: ڕەنگە وزە و هێزی ناڕەزایی کە لە ڕێگەی بایکۆتەوە دەردەبردرێ، بگۆڕدرێت بۆ شێوازێکی توندوتیژتری نائارامی و ڕووبەڕووبوونەوە لە شەقام، لە ناو کەمبوونەوەی ڕێگەی سیاسی سەلامەت بۆ دەربڕین بەتایبەت لە بەغدادی پایتەخت و ناوچەدابڕێنراوەکان.
– لاوازکردنی ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی: لە کاتێکدا بایکۆتەکە سەرکەوتوو بێت، پەرلەمان بەبێ ھیچ ئۆپۆزسیۆنێکی بەھێز و کاریگەر دەمێنێتەوە، کە ڕێگە بە حیزبە دەسەڵاتدارەکان دەدات کە ئازادییەکی تەواویان ھەبێت بۆ زیاترکردنی فساد و دەسەڵات وە تەنانەت هیچ ئومێدێک بە ئۆپۆزسیۆن نەماوە دوای نموونەی ئەزموونی بزووتنەوەی گۆڕان بەتایبەت کەئەوانەی دەسەڵاتیان وەرگرت و چوونە ناو حکومەت هەزار ڕەحمەتیان بۆ کفن دز دەنارد، کەبۆ خۆ دەوڵەمەندکردن و پۆست و پلەوەگرتن و دوایی پاشگەزبونەوە لەبەڵێنەکانیان و تەنانەت لەحزبەکەنیان، ئەمەش حزبە ئیسلامییەکان و نەوەی نوێ بێ بەری ناکات کەچەندە جیابونەوەو تۆمەتبارکردنی یەکتر و سکاڵادژی یەکتر و تەنانەت دورخستنەوەی هەندێ لەسەرکردایەتییە ئیسلامییەکان بە هۆی ڕای جیاوازو هەڵوێستی دژ بەیەک تیایاندا ڕوویدا. وەدەیان هۆکاتی تر کە هاوڵاتیان دوا کەس ئەوانەن بیانێرن بۆ بەغدا و بۆئەوەی داکۆکیکار بێت لەمافەکانی کەئەو بەناو ئۆپۆزسیۆنانە دەستە وەستان وەستاون بۆ ئەنجامدانی لانی کەم یەک کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان.
– لەسەر ئاستی عێراق و ناوچە:
کاریگەری نەرێنی لە پەیوەندی لەگەڵ بەغدا: حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا ئەم کێشەی ڕەواپەندێتیە وەک بەھانەیەک بەکاردەھێنێت بۆ دواخستنی زیاد لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی بودجە و موچە و جیبەجێکردنی دەستور و چارەسەرکردنی ڕیشکەیی بۆ کێشەکان لە نێوان ھەرێم و بەغدا کە نزیکەی ١٠ ساڵە هاوڵاتیانی هەرێم لە حاڵەتی ( قوت لایموت )ـــدا دەژین.
– خراپبوونی وێنای گشتی عێڕاق وەک وڵاتێکی فیدڕاڵ لە نێو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی: ئەم کێشەیە کاریگەری لەسەر وێنەی ھەرێمی کوردستان وەک “مۆدێلی دیموکراسی و سیستمی فیدڕاڵی ” لە ناوچەکەدا ھەیە، کە ڕەنگە پشتگیری نێودەوڵەتی و وەبەرھێنانی بیانی کەمبکاتەوە بۆ وڵاتی عێڕاق کەئێستا ڕۆژانە دەیان کەس لە شیکارانی سیاسی چاوەڕوانی گۆڕانکاری گەورەن لەناوچەکەو وڵاتانی دەوروبەرو عێڕاقدا.
– کاریگەری ناوچەیی و هەرێمایەتی: وڵاتە دراوسێکان (ئێران، تورکیا) بە چاودێری گەرمی گۆڕانکاریەکان، و ڕەنگە ھەوڵبدەن بەکاری بھێنن بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو گۆرانکاریانەی لەسوریا و یەمەن و فەلەستین و لوبنان ڕویاندا لاوازی ئێران دوای روداوەکانی ناوچەکەو جەنگی ئێران_ ئیسرائیل و جیابوونەوەی ناسەقامگیری ناوخۆیی بۆ زیادکردنی کاریگەری خۆیان یان بەشداری زیاتر لە کاروباری ناوخۆیی ھەرێم و عێڕاقدا بکەن و هەڵبژاردن باشترین ریگایە بۆ کاریگەریان لەناوەندی یاسادانان و شەرعیەت دان بە حکومەتی ئاییندە هەبێت.
لە کۆتاییدا :
شیکردنەوەکان و پێشبینییەکان وا نیشان دەدەن کە بایکۆتی ھەڵبژاردنەکەی ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ دیاردەیەکی ڕاستەوخۆ دەبێت و دەربڕینێکە لە قەیرانی ستەمێکی سیاسی تەواو. ئەوە ئەنجامی حکومرانی ساڵانی شکستی دروستکردنی دەوڵەتێکی پڕ سەوەری و دەستوری و فیدڕاڵی و کە هاوسەنگی و سازان و هاوبەشی بکرێتە بنەمای گشتی بۆ حکومڕانی لە عێڕاق و کوردستاندا و کاریگەری لەسەر دەرئەنجامەکان زۆر دەبێت و ڕۆژی ١١ / ١١ گەواهیدەری ئەم پێشبینیانەی ئێمە دەسەلمێنرێت، ئێمە مردوو ئێوە زیندوو.
سەرچاوەکان:
١. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق (IHEC).
٢. میسرەتی پلاندانانی عێراق.
٣. ڕاپرسییەکانی Al-Bayan Center for Planning and Studies.
Transparency International .٤
٥. ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
٦. دەیان ڕاپۆرتی ڤیدیۆیی شیکارانی سیاسی.
حەسەن ئەمین موحەمەد شێخانی
ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی
مامۆستای زانکۆ و جاودیری سیاسی
٢ / ١١ / ٢٠٢٥
کەرکوک .




