
زەیدی پێش سەردانەكەی بۆ ئێران گۆڕانكارییەكی گەوری لە فەرماندە باڵا سەربازییەكاندا كرد
باسک نێت
رۆژنامەی “الشرق الاوسط” :
بڕیارە ئەمڕۆ عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵا بگاتە كۆماری ئیسلامی ئێران، حەیدەر عەبودی وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، سەردانەکە لە وەڵامی بانگهێشتێکی فەرمی سەرۆک کۆماری ئێراندایە، گفتوگۆکانیش لەبارەی دۆسییەكانی وزە، بازرگانی، گواستنەوە، کشتوکاڵ و غاز، ئەنجامدەدرێن.
عەبودی جەختی لەوە کردەوە، كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت بابەتێکی سەروەری عێراقە کە لە پایتەختەکانی دیکەدا گفتوگۆی لەسەرناكرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم بابەتە بڕیارێکی نیشتمانیەو لە ئەولەویەتەکانی بەرنامەی حکومەتی سەرۆک وەزیراندایە.
زەیدی پێش سەردانەكەی بۆ ئێران گۆڕانكارییەكی گەوری لە فەرماندە باڵا سەربازییەكاندا كرد، بەجۆرێك دەستكارییەكەی كاریگەری لەسەر پەیكەری نوسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان هەبووە، لە چەند رۆژی رابردوودا زەیدی، فەریق عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری پێشووی ناوخۆی بۆبەڕێوەبەری نوسینگەكەی راسپارد، ئەوەش دوای ئەوەی دەسەڵاتێكی فراوانی داوە بە نوسینگەكەی، کە لە سەروری دەسەڵاتەكانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانە.
هەر لە چوارچێوەی گۆڕانكارییەكاندا، زەیدی فەریق زەید حەوشی، وەک بەرپرسی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەستنیشانکرد لە شوێنی فەریق کەریم تەمیمی، هاوكات فەریق محەمەد فەهدی بە فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی و عەمید جەعفەر حسێن وەک فەرماندەی فیرقەی هێزە تایبەتەکان دەستنیشان کرد.
سەرچاوەکان ئاگادارەكان بەدووری نازانن پرسی داماڵینی چەکی گرووپەكان پاڵنەری دووبارە داڕشتنەوەی پەیكەری سەرکردایەتی و دامەزراوە ئەمنییەکان بێت، بەوپێیەی لە رابردوودا هەژموونی گرووپەكان لە دەزگا ئەمنییە باڵاكان فراوانبووە، کە بەربەست بۆ پرۆسەی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت دەكات لەبەرچاوگرتنی ئەو هاوکارییەی کە لە نێوان هەندێک لە سەرکردە ئەمنییەکان و فەرماندەی میلیشیاكاندا هەیە.
پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، گۆڕانکاری زیاتر لە پۆستە باڵاکانی جێبەجێکردن و سەرکردایەتی لە وەزارەت و دامودەزگا ئەمنییەکاندا بکات، كە ئەگەری بەهێز هەیە حەشدی شەعبیش لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانكارییانە دابێت.




