عێراقكەش و هەواكوردستان

چه‌ند شه‌پۆڵێكی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

شاره‌زایه‌كی كه‌شناسی ئاشكرای ده‌كات لە ماوەی نێوان 14 بۆ 26ی ئەم مانگە چەند شەپۆلێکی بەھێزی بارانبارین سەرتاسەری ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و زۆرێک له‌ ناوچەکانی عێراق دەگرێتەوە.

ئاراس جه‌بار شاره‌زای كه‌شناسی له‌باره‌ی یه‌كه‌م شه‌پۆڵی بارانبارین رایگه‌یاند: چەقی شەپۆڵەکە کۆتایی ئەم ھەفتەیه‌ دەبێت بەتایبەت لە رۆژانی 15 و 16ی مانگ و ئەگەری چالاکبوونی ھەورەبروسکەی بەھێز و باوبارانێکی زۆر دەبێت کە لە ھەندێ ناوچەشدا ئەگەری دروستبوونی لافاو دەبێت.

دەشڵێت: شەپۆلەکانی دواتر لە 20ی مانگ بەدواوە دەست پێ دەکات کە بە ھەمانشێوە پێشبینی بارانێکی زۆریان لێ دەکرێت.

راشیگەیاند: دەتوانین بڵێن ئەو ماوەیە پڕ باراناویترین ماوەی بارانی ئەم وەرزە و ئەمساڵ دەبێت بۆ سەرتاسەری ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان.

شاره‌زاكه‌ی كه‌شناسی ئاماژه‌شی دا: بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لەم ماوەیەدا و ھاتنی کەشێکی بەھارە و فێنک کە ھۆکارە بۆ ناجێگیری و گۆڕانکاری خێرا لە پلەی گەرمی و شێ و رەگەزەکانی دیکەی کەشوھەوا، لە بەرزییە جیاوازەکانی بەرگەھەوادا جۆرێک لە ناسەقامگیری دروست ده‌بێت کە شێوازی دابارینەکان لەم شەپۆڵانەدا بە زۆری دەگۆرێت بۆ تەرزە و بارانی بەخوڕ و دروستبوونی کەڵەکە ھەورەگەورەکان کە بروسکە و بای بەھێز لەگەڵیاندا ھەیە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close