نوسەران

ئەوەی لە پشت یارییەکانی مۆندیال شاراوەیە

ئەوەی لە پشت یارییەکانی مۆندیال شاراوەیە

پ . د . سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت

یاری تۆپی پێ یەكێكە لەو وەرزشە زۆرانەی كە لە جیهاندا ئەنجام دەدرێن و بەشی شێری هەیە لە گرنگی پێدان و پارەداركردن ، زۆرجار یانەیەك لە یانە گەورەكان نرخی یاریزانەكانی یارییەكی هەڵبژاردەیەكی تۆپی پێ تێیدا زۆر لە بودجەی یەكێك لە وڵاتە بچوكەكان یان وڵاتە هەژارەكان زیاترە و ، كێ بەركێی وەدەستخستنی پاڵەوانێتییەك لە پاڵەوانێتی یەكانی یاری تۆپی پێ زۆر توندو سەختترە لە كێشمەكێش و شەڕكردن لەپێناو پرسە چارەنووسسازەكان لە هەندێ وڵاتدا!

ئەگەر (كارل ماركس) ژیانێكی تری پێ ببەخشرابا ئەو وتەیەی خۆی كە دەڵێ : (ئایین ئەفیونی گەلانە) دەیگۆڕی و دەیكردە (یاری تۆپی پێ ئەفیونی گەلانە) هەروەك هەندێك ڕۆشنبیرو كۆمەڵناس وەسفی دەكەن ، چونكە ئەم یارییە بۆتە ئەفیون و ماددەی هۆشبەری گەلان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواو ، لە وڵاتانی دەوڵەمەند و هەژار بۆتە قسە و باس و بەزم و چیرۆكی ماڵەكان و نوسینگەكان و چایخانە و قاوەخانەكان و شوێنە گشتییەكان!

هەوەسی ئەم یارییە مەعشوقە ئەوەندە بێ سنوورە كە لە پێناویدا بەرژەوەندییەكان دەوەستێنرێن ، کات و وادە پێشتر دیاری كراوەكان هەڵدەوەشێنرێنەوە ، بۆنەكان لەبیردەچنەوە ، بڕیارە چارەنوسسازەكان دوادەخرێن ، پەیوەندی و سەردانەكان دەپچڕێندرێن ، ئاگری كێشە و ناكۆكیەكان بڵێسە دەگرێ ، فرمێسكەكان دەڕژێنرێن و هەناسەكان حەپس دەكرێن ، پیرۆزییەكان دەبەزێنرێن و نەریتەكان ژێر پێ دەخرێن ، پەرستشەكان و دروشمە ئاینییەكان پشت گوێ دەخرێن! هەموو ئەمانە لەپێناو یارییەكی تۆپی پێدا كە لە یاریگایەك ئەنجام دەدرێ!

( یورغەن كەلوب Jürgen Klopp)ی ڕاهێنەری ئەڵمانی كاتێك باسی گرنگی یاری تۆپی پێ دەكات دەڵێ :

( یاری تۆپی پێ زۆر گرنگ نیە ، خۆ ئێمە گیانی خەڵك ڕزگار ناكەین ، ئەركی ئێمە تەنها ئەوەیە بۆ ماوەی سێ كاژێر كێشەكان لە بیر خەڵك دەبەینەوە).

نوسەرو بیرمەندی فەڕەنسی (ئیتیان دۆلا بواسیە) لە كتێبەكەیدا (العبودیة الاختیاریة : پەرستنێكی ئارەزوومەندانە) دەڵێ : ( لە یاری تۆپی پێدا هاوڵاتی كەمێك ئەو شتانەی بۆ قەرەبوو دەكرێتەوە كە لە ژیانی ڕۆژانەیدا لێی مەحروم و بێ بەش كراوە ، ئەم یارییە خەمەكان لەبیردەباتەوە ، بۆ ماوەی سێ كاژێر دادگەری لە یاریگادا بەسەر هەمواندا دەسەپێنرێت و پیشان دەدرێت).

هێز و كاریگەری ئەم جۆرە ئەفیونە لەچی دایە؟!

لای جەماوەر سەركەوتنی هەڵبژاردەی وڵاتەكەیان هەموو شتێكە و ئیتر هیچ كێشە و گرفتێكی تر لە ئارادا نیە ، هەندێك خۆیان دەكوژن كاتێك هەڵبژاردەكە دەیدۆڕێنێ ، هەندێک دەڵێن : ئەگەر پیلانێكی دەرەكی نەبوایە هەڵبژاردەكەیان نەیدەدۆڕاند ، هەندێك دوای دۆڕانی یارییەكە ڕاهێنەری هەڵبژاردەكە جنێو باران دەكەن ، ئەگەر كارتێكی سوور بدرێتە یەكێك لە یاریزانەكان ، یان توشی بەركەوتنێك ببێتەوە هەمووان هەڵدەچن و تووڕە دەبن ، لە كاتی یارییەكەدا مزگەوتەكان و پەرستگاكان و ڕێگاوبان و شوێنە گشتییەكان چۆڵ دەكرێن وەك ئەوەی بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ دەركرابێت ، قاوەخانەكان و چاپخانەكان و یاریگاكان جمەیان دێت!

هەندێك دروشمی سەیرو سەمەرەو بێ مانا دەوترێ و بەرگرییان لێ دەكرێت وەك ئەوەی چەند ویردو دەقێكی ئایینی پیرۆزبن و قسەیان لەسەر نەكرێ ، هەندێجار دەست لە بنەما نیشتمانیی و نەتەوەیی یەكان هەڵدەگیرێت و هەڵبژاردەیەك لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتی داگیركەردا یاری دەكات و ئاشتبوونەوەی وەرزشیی ئەنجام دەدات!

دەپرسین : ئەمانە هەمووی لەپێناو چی ؟ ئایا گەلە هەژارو ستەمدیدە و ژێر دەستەكان چیان لە یاری تۆپی پێی كۆمەڵێك ملیۆنێر یان ملیاردێر دەست دەكەوێت؟!

ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین نەمانبینیوە یاریزانێكی جیهانی یان ناوخۆیی تۆپی پێ لەبواری زانست و خوێندندا كەسێكی نمونەیی و زیرەك و لێهاتوو بوو بێت ، زۆربەیان بەزۆر مومارەسەكردنی ئەو یارییە لە كوچە و كۆڵان و ڕێگاوبان و شوێنە گشتییەكاندا دروست بوون و پێگەو سامانێكی ئەوتۆیان دەستكەوتووە كە ئەو كەسانەی چاوەكانیان و وزە زیهنییەكانیان لەبواری پزیشكیی و ئەندازیاریی و زانست و توێژینەوەكاندا كزو ماندوو بووە دەستیان نەكەوتووە!

ئاساییە مرۆڤ لە پزیشكیی و ئەندازیاریی و زانست و سیاسەت و فیكرو فەلسەفە و كۆمەڵناسی و ئابووریدا قاڵ و پسپۆڕ بێت و قازانج و سوود و خزمەتێكی گەورە پێشكەش بە گەل و نیشتمانەكەی بكات ، بەڵام دەبێ دەستكەوتی گەورە چی بێت لە كەسانێكدا كە هەموو زانست و تواناو لێهاتویی یەكیان زانینی ئەنجامی یارییەكان و ناوی یاریزانەكان و توانای داوەریی كردن بێت؟!

یاری تۆپی پێ هێزی نەرمی وڵاتان و چەكی دەستی ڕژێمە دیكتاتۆرەكان :

وڵاتان و دەسەڵات و ڕژێمە دیكتاتۆرەكانیش پارە و بوودجەیەكی خەیاڵی بۆ یاری تۆپی پێ سەرف دەكەن كە بۆ توێژینەوە و بواری زانستی ئامادەی سەرف كردنی نین ، بەشێوەیەك كە ئەم یارییە بووەتە بازاڕێكی گەرمی بازرگانی و سیستەمێكی ئابووری گەورە كە یانەكان و كۆمپانیاكان و كەناڵەكان و ئاژانسەكانی هەواڵ و یاریزانەكان و سەرپەرشتی كاران و تەنانەت چایخانە و قاوە خانەكانیش قازانجی دارایی گەورەی لێ دەكەن و ، بۆ ئەوان بە وەرزی وەدەستخستن و كۆكردنەوەی پارە و سامان لە قەڵەم دەدرێ!

وڵاتان چۆن ئەم هێزە نەرمە بەكاردەهێنن ؟

كاتێك ئیتاڵیا میوانداری پاڵەوانێتی جامی جیهانی ساڵی 1932 یاری تۆپی پێی كرد (مۆسۆلینی) سەركردەی فاشی ئەو ووڵاتە ووتی : نەمدەزانی خۆشەویستی و دۆستایەتی ئیتاڵییەكان بۆ یاری تۆپی پێ زۆر لە دۆستایەتی و خۆشەویستییان بۆ ئیتاڵیا زیاترە! بۆیە هەرچیەكمان پێ بكرێ ئەنجامی دەدەین بۆ ئەوەی میوانداری پاڵەوانێتی ساڵی داهاتوو بكەین ، دواتر ئیتاڵیا میوانداری پاڵەوانێتی ساڵی 1938ی كردو مۆسۆلینی نازناوی (سەربازانی پرسی نیشتمانی) بەخشییە یاریزانانی یانەی وڵاتەكەی!

سوپای ئەرژەنتین كاتێك كودەتای سەربازی ئەنجامدا ، هەموو هەوڵێكی دا میوانداری پاڵەوانێتی جامی جیهانی تۆپی پێی ساڵی 1978 بكات تەنها بۆ ئەوەی ئەو هەموو تاوان و خوێن ڕشتنەی ئەنجامی داوە پەردەپۆش بكات!

كاتێك جیهان سەرگەرمی بەڕێكردنی پاڵەوانێتی جیهانی ساڵی 1982 بوو ڕژێمی جولەكە هەلەكەی قۆستەوە و قەسابخانەی خێوەتگای سەبراو شاتێلای ئەنجامدا.

ساڵی 2019 دەسەڵاتی كۆدەتای میسر بۆ ئەوەی ڕووی دەسەڵاتەكەی لای جیهان جوان بكات و كودەتاكەی پەردەپۆش بكات هەوڵیدا پاڵەوانێتی تۆپی پێی ئەفریقا ڕێكبخات و ، میوانداری پاڵەوانێتی جیهانی یاری باسكەی ساڵی 2020ی گرتە ئەستۆ!

گومانی تێدا نیە وەرزش و یاری تۆپی پێ دەكرێ خاڵی نزیك كەرەوەی گەل و نەتەوە جیاوازەكان بێت و ، پاڵپشتییەكی گەورە بۆ شۆڕشەكان و گەیاندنی ئازارو مەینەتییەكان بە جیهان دەستەبەر بكات و، هۆكارو پاڵنەرێكی گرنگ و سەرەكیش بێت بۆ موسڵمان بوونی هەزاران مرۆڤی غەیرە موسڵمان و ، فاكتەرو ئامڕازێكی سەركەوتوو بێت بۆ بەهێزكردنی گیانی خۆشەویستی نێو خێزان و تاكەكانی كۆمەڵگە و، ڕێگەیەكی گونجاویش بێت بۆ پەرەپێدان و هاندانی هاریكاریی و كاری خێرخوازی!

هەموومان كۆكین لەسەرئەوەی وەرزش نەك پڕۆسەیەكی خراپ نیە، بەڵكو زەرورەتێكی ژیانی مرۆڤەكانە و كۆمەڵگە و وڵاتان لێی بێ نیاز نین ، بەڵام كاتێك ئەم مەیدانە لە ئامڕازی تەرفیهی و خۆشی وەرگرتن و بەهێزكردن و تەندروست كردنی لاشەوە دەبێتە ئامڕازێك بۆ كێ بەركێ یەكی گەرمی ناشیرین و ، خەسارکردنی كات و تەمەنی مرۆڤەكان و ، بە هەدەردانی پارە و سەروەت و سامانی وڵات و بەدیهێنانی پلانی دوژمنان ، لێرەوە ماڵ كاولیەكە دەست پێ دەكات و ڕۆح و ویژدان و دەروونمان ئازار دەچێژێ…

بۆیە دەبێ بزانین وڵاتان بە قاچ و پێی وەرزشەوان و یاریزانەكانیان پێش نەكەوتوون ، بەڵكو بەتواناو داهێنان و مەهارەت و عەقڵە گەورەكان پێشكەوتوون و گەشەیان كردووە!
ئایا ئێمە لەم ئاستە دواكەوتووەی سیاسەت و ئابووری و هێزو گەشەی زانستیدا چیمان دەست دەكەوێت ، چ گۆڕانكارییەك دێتە ئاراوە ئەگەر جامە جیهانییەكەش بەدەست بهێنین؟!

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close