ئابووریڕاپۆرتعێراقهەواڵ

قەرزە ناوخۆییەکانی عێراق 103 تریلیۆن دیناریان تێپەڕاند

قەرزە ناوخۆییەکانی عێراق 103 تریلیۆن دیناریان تێپەڕاند

باسک نێت

کۆی گشتیی قەرزە ناوخۆییەکانی عێراق لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026دا گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوویی خۆی و رێژەی 103 تریلیۆن و 179 ملیار دیناری تۆمارکرد، کە ئەمەش بازدانێکی گەورەیە بە بەراورد بە ساڵی 2015 کە تەنیا 32 تریلیۆن دینار بوو.

بەپێی راپۆرتی مانگانەی بانکی ناوەندیی عێراق، تەنیا لە ماوەی پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، قەرزەکان بە بڕی 13 تریلیۆن دینار زیادیان کردووە، کاتێک لە کۆتایی ساڵی رابردوودا 90 تریلیۆن دینار بوون.

وەزارەتی دارایی عێراق پشکی شێری لەم قەرزانە بەرکەوتووە، بە شێوەیەک کە زیاتر لە 63 تریلیۆن دیناری لە بانکی ناوەندی قەرز کردووە و ئەمەش نزیکەی 61%ی کۆی گشتیی قەرزە ناوخۆییەکان پێکدەهێنێت، هاوکات بڕی 20.2 تریلیۆن دینار وەک قەرزی خەڵک و 8.8 تریلیۆن دیناریش وەک حەواڵەکانی گەنجینە تۆمارکراون.

دکتۆر موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە هۆکاری سەرەکیی ئەم زیادبوونە بەتایبەت لەم چەند مانگەی دواییدا، بۆ کەمبوونەوەی داهاتە نەوتییەکان و ئەو بارودۆخە نائاساییانە دەگەڕێتەوە کە رووبەڕووی دارایی وڵات بوونەتەوە و وایکردووە سیاسەتی دارایی پەنا بۆ قەرزکردنی ناوخۆیی ببات.

راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران دڵنیایی دا کە نزیکەی 95%ی ئەم قەرزانە لەنێو سیستمی بانکیی حکومیدان و بازاڕی دارایی بە شێوەیەکی راستەوخۆ نەچووەتە نێو مامەڵەکردن پێیانەوە، ئەمەش مەترسییەکان کەمتر دەکاتەوە.

بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخەش، بانکی ناوەندی لە رێگەی کشاندنەوەی دیناری زیادە کار بۆ پاراستنی سەقامگیریی دراو دەکات، لە کاتێکدا حکومەت پلان دادەنێت بۆ گۆڕینی ئەم قەرزانە لە پابەندییەکی داراییەوە بۆ ئامرازێکی وەبەرهێنان لە ڕێگەی گۆڕینەوەی بەشێک لە قەرزەکان بە موڵکی حکومیی بەرهەمهێن، تاوەکو بارگرانییەکە قۆناغ بە قۆناغ کەمبکرێتەوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close