كوردستانهەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە هاووڵاتیان لەبارەی حەجی بازرگانییەوە ئاگادار دەکاتەوە

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان هاووڵاتییان له‌ باره‌ی حه‌جی بازرگانی ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ و رایگه‌یاند، ئەمساڵ بە هیچ شێوەیەك حەجی بازرگانی بە شێوەیەکی فەرمی نەك تەنها لە کوردستان و عیراق بگرە لە سعوودیەش هیچ بنەمایەکی نییە، داواشی لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان كرد، به‌ بانگه‌شه‌ی هیچ كۆمپانیایه‌ك هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێن، كه‌ باس له‌ هه‌بوونی حه‌جی بازرگانی ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك ساڵی رابردوو رووبه‌ڕووی هیچ زیانێك نه‌بنه‌وه‌.

هه‌ر له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستاندا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌، باوه‌ڕ به‌ وێنه‌ی ئه‌و فۆڕمانه‌ نه‌كه‌ن، كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، گوایا فۆڕمی حه‌جی بازرگانین، چونكه‌ ئه‌و فۆڕمانه‌ هیچ رێكه‌وتێكیان له‌سه‌ر نییه‌ و لە بڵاوكراوەی ساڵانی پێشوو لە ئینتەرنێتەوە وەرگیراون.

هه‌روه‌ها هۆشداری ده‌داته‌ هەموو کۆمپانیاکانی حەج و عومڕە، کە مۆڵەتی فەرمییان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج وعومڕە وەرگرتووە، خۆیان لەم کارە بە دوور بگرن، بە پێچەوانەوە رووبەڕووی لێپچینەوەی یاساییی و کارگێری دەكرێنه‌وه‌.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان: ‌  

بەهۆی نزیكبوونەوەی وەرزی حەجی ئەمساڵ، ماوەیەکە سەبارەت بە حەجی بازرگانی پەیوەندییەکی ئێجگار زۆر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەوە دەکرێت.

هەروەك چۆن پێشتریش ئاگاداری هاووڵاتیانی کوردستانمان کردبووەوە، وەکو بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان ئەوە رووندەكەینەوە، کە ئەمساڵ بە هیچ شێوەیەك حەجی بازرگانی بە شێوەیەکی فەرمی نەك تەنها لە کوردستان و عیراق بگرە لە سعوودیەش هیچ بنەمایەکی نییە و داواش لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە باوەڕ بە هیچ کەس و کۆمپانیایەك نەکەن، کە بانگەشەی هەبوونی حەجی بازرگانی دەکەن، چونکە ئەگەری زۆرە پارەکەیان بەهەدەر بچێت، هەروەك چۆن لە ساڵانی رابردوودا زۆر خەڵك زەرەرمەندبوون و زیانیان پێكەوت.

لێرەوە دیسان هاووڵاتیانمان ئاگادار دەکەینەو،ە کە بڵاوبوونەوەی هەندێك وێنە لە  تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، گوایا وێنەی فۆڕمی وەرگرتنی ڤیزای حەجی ئەمساڵە، دوای بە دواداچوونمان بۆمان دەرکەوت، ئەو وێنانە هیچ رێكه‌وتێكییان لەسەر نییە و لەوە زیاتر نین كە لە بڵاوكراوەی ساڵانی پێشوو لە ئینتەرنێتەوە وەرگیراون بۆ سەرنجڕاكێشان و خەڵەتاندنی موسڵمانانی تامەزرۆی سەفەری حەج بەكاریان دێنن.

سەرەڕای ئەوەی كە بڕە پارەیەكی زۆر بۆ حەجی بازرگانی داوادەكرێت، بێ ئەوەی هیچ بنەمایەكی فەرمی بۆ وەرگرتنی ئەو پارەیە هەبێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان وەك چۆن هاووڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە، لە هەمانكاتدا هۆشداری دەداتە هەموو کۆمپانیاکانی حەج و عومڕە، کە مۆڵەتی فەرمییان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج وعومڕە وەرگرتووە خۆیان لەم کارە بە دوور بگرن، بە پێچەوانەوە بەهۆی بانگەشە و رێکلام کردنی بێ بنەما بۆ حەجی بازرگانی، دواجار رووبەڕووی لێپچینەوەی یاساییی و کارگێری دەبنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان

23/5/2022

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close