نوسەران

بۆچی منداڵ لە گەشت دا وون دەبێت!؟ شیکارێکی لۆژیکی بۆ دەرونی منداڵ

بۆچی منداڵ لە گەشت دا وون دەبێت!؟
شیکارێکی لۆژیکی بۆ دەرونی منداڵ

شەپۆل احمد ✍️باسک نێت

گەشت کردن یان بە واتایەکی سەفرە تەنها گواستنەوەی جەستە نییە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ دۆزینەوەی ئارامی و قوڵبوونەوە لە ناو بەناو دیمەنی جوانی سروشت و ڕوباو و ئاو و کانی بەڵام کە سەفرە ببێتە هۆی دابڕان لە خودا و سەرقاڵبوون بە شتی بێ مانای پڕ لە بێ موبالاتی، بەڕاستی لادانە لە ئامانجی سەرەکی گەشتکردن کە پشووی دەروونی و ڕۆحییە.
ون بوونی منداڵ لە سەفرە یان لە دەرەوە، بەتایبەت لە شوێنی قەرەباڵغ یان گەشتیاری، زیاتر پەیوەندی بە سەرسامی و کەمی ئەزموونەوە هەیە

سەرسام بوون بە ژێنگەیەکی نوێ :
منداڵ کاتێک دەچێتە شوێنێکی نوێ، هەموو شتێک بۆی نامۆ و سەرنجڕاکێشە (باڵندەیەک، دارێک، یان یارییەکی نوێ).
ئەم سەرنجڕاکێشییە وادەکات تەرکیزی لەسەر دایک و باوکی کەم ببێتەوە و تەنها بیر لەوە بکاتەوە بەرەو ئەو شتە بچێت کە سەرنجی ڕاکێشاوە.
لەو چرکەساتەدا عەقڵی پێی دەڵێت دایک و باوکم هەمیشە لێرەن و نافەوتێن، بەڵام ئەم پەپوولەیە یان ئەم یارییە ئێستا لێرەیە و دەڕوات، بۆیە کاتییەکە هەڵدەبژێرێت بەسەر بژاردە هەمیشەییەکەیدا.

نەبوونی هۆشیاری مەترسی:

منداڵ وەک گەورەکان ناچێتە پێشەوە. ئەو نازانێت کە دوورکەوتنەوەی مەترسیدارە، بەڵکو تەنها ئەو ساتە دەبینێت کە تیایدا چێژ وەردەگرێت.
مێشکی منداڵ لە یەک کاتدا تەنها دەتوانێت لەسەر یەک هاندەر (Stimulus) کار بکات. کاتێک شتێک سەرنجی ڕادەکێشێت، سیستمی ئاگادارکەرەوەی مێشکی لەسەر دەوروبەر بە تەواوی دەکوژێتەوە. ئەمە بۆ ئەو لەو چرکەیەدا ژیریەکی تەواوە ، بەڵام بۆ ئێمەی گەورە مەترسیدارە.

متمانەی زێدە:

هەندێک جار منداڵ وادەزانێت دایک و باوکی هەمیشە لە دوایەوەن و چاودێری دەکەن، بۆیە بەبێ خەیاڵ و بە ئازادی بەرەو لایەک ڕادەکات.
ئەو جۆرە لە متمانە بوونەوە سڵی ناکاتەوە لە دوورکەوتنەوە ، هەمیشە پاڵی پیوە دەنێ بۆ گەیشتن بە دورترین مەودای حەزەکانی.

لە ڕاستیدا لۆژیکی ونبوونی منداڵ ، لۆژیکێکی دەروونیی گەشەکردنە (Developmental Psychology)، نەک عەقڵانییەتی مرۆڤی پێگەیشتوو
منداڵ ناتوانێت پێشبینی بکات کە ئەگەر ٥٠ مەتر دورکەوتەوە، چی ڕوودەدات. ئەمە مانای ئەوە نییە کە منداڵەکە زیرەک نییە، بەڵکو مانای ئەوەیە هێشتا بەشی پێشبینی مەترسی لە مێشکی دا تەواو پێنەگەیشتووە.
لەو تەمەنەدا، هەستەکان (سۆز و حەز) زاڵن بەسەر عەقڵدا و کاتێک منداڵەکە شتێک دەبینێت، هەستەکەی پاڵی پێوە دەنێت بۆ ئەوەی بەدوای دا ڕا بکات، و لۆژیکی پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ دایک و باوک لەو چرکەساتەدا ئەوەندە لاواز دەبێت کە هەر زۆر نزیکە لە نەمان.

ئایا شەوانە درەنگ هاتنەوەی بۆ ماڵ هەمان تێروانینی هەیە بۆ هەست کردن بە سەربەخۆیی منداڵ؟
کاتێک منداڵ خۆی داوای درەنگ مانەوە دەکات، یان کاتێک پێویستی بەوە دەبێت کە دایک و باوک بە ئاگابن لەوەی درەنگ هاتووەتەوە، ئەمە دیسان بۆ چەند هۆکارێکی دەروونی دەگەڕێتەوە:

یەکەم: ترسی لەدەست دانی چێژ (FOMO):

منداڵ وا هەست دەکات کە ( شەو و تاریکی و کەشوهەوای کراوە ) کاتێکی جیاوازە. ئەو نایەوێت ئەو کاتە کۆتایی بێت چونکە پێی وایە هەموو خۆشییەکە لەو کاتەدایە.

دووەم: تێنەگەیشتن لە کات :

منداڵ وەک ئێمە کاتژمێر بە بەهای ژیان نازانێت بۆ ئەو، شەو یان ڕۆژ جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە، گرنگ ئەوەیە ئەو خەریکی چییە و هەندێک جار دەیەوێت بە مانەوەی لە دەرەوە بۆ کاتێکی درەنگ، بەخۆی و دەوروبەری بسەلمێنێت کە ئەو گەورە بووە و دەتوانێت بڕیار لەسەر کاتی خۆی بدات.

کەواتە تێدەگەین کە منداڵ لەو قۆناغەدا هێشتا لە قۆناغی ژینگە ناسین دایە، نەک خۆپارێزی . بۆیە پێویستی بە چاودێرییەکی نەرم هەیە و ئینجا ئێمەی دایک و باوک ببینە ئەو تەرازووەی کە هاوسەنگی بۆ ئەو ئەزموونە بۆ ڕادەگرین.

کەواتە تێدەگەین کە منداڵ کائینێکی پاک و بێگەردە و تێگەیشتن لەو دنیا بەرفراوانە بۆخۆی هونەرێکی تایبەتی دەوێت لەپاڵ پشوو درێژی و لێبوردەیی و گوێ نەدان بە هیلاک بوون.
خوای گەورە منداڵی هەموومان صاڵح و گوێڕایەڵ بکات.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close