
لە غەفڵەتی شاشەکانەوە بۆ ڕووناکی دڵ ، کۆچێک بەرەو جەوهەری ڕاستەقینەیی بوون
شەپۆل احمد✍️باسک نێت
لەو سەردەمەدا کە مرۆڤایەتی لە لوتکەی پەیوەندییە دیجیتاڵییەکان دایە، لە دۆستایەتی گەرم پڕ لە حورمەتەوە دایبڕیون و گەورەترین دژایەتیمان هەیە لە گەڵ یەک، لە کاتێکدا جیهان بۆتە گوندێکی بچووک کە بە تەنها بە یەک کلیک دەگەینە دوورترین خاڵ، بەڵام دڵەکان لە یەکتر نزیک نابنەوە و هەمیشە دوورن لە یەکتر.
ئێستا نەوەیەکین کە بە تەلەکانی ئەنتەرنێتەوە بەستراوینەوە، بەڵام پەتی پەیوەندییە ڕاستەقینەکانمان لە گەڵ یەک پساندووە.
شاشە ڕەنگاوڕەنگەکان کە بڕیار بوو ببنە پەنجەرەیەک بۆ ناسینی ئەوانی تر، بوونە ئاوێنەیەکی تاریک کە تەنها تێیدا ڕەنگدانەوەی تەنیایی خۆمان دەبینین.
مرۆڤی پێشوو ئەگەر تەنیابایە لەگەڵ سروشت، یان تەنیابایە لەگەڵ خۆی، بێگومان لەگەڵ کتێبێکدا دەدوا، دۆخێکی دەروونی ئارامی دروست دەکرد بۆ خۆی کە چێژی ڕاستەقینەی تێدا دەدیتەوە کەچی ئێستا تەنیایی هاوچەرخ، تەنیاییەکی نەخۆشە، جۆرێکە لە گۆشەگیری لەناو قەرەباڵغی دا، مرۆڤەکە لە ڕووی جەستەییەوە لەناو خێزانەکەیدایە بەڵام لە ڕووی ڕۆحی و فیکرییەوە لە پشت دیوارێکی شووشەییەوە زیندانی کراوە
ئەو بەسترانەوە بەردەوامە بە شاشەکانەوە، کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر گەشەی عەقڵ و قووڵی بیرکردنەوە بەجێ هێشتووە. عەقڵی مرۆڤ لە ڕێگەی تێڕامانی قووڵ بێدەنگییەوە گەشە دەکات، کەچی تەکنۆلۆژیای ئێستا فێری کردووین تەنها لەسەر ڕووی بابەتەکان هەڵوێستەیەکی کورت بکەین و پاڵی پێوەنێن بۆ تێپەربوون.
چرکەساتێک بێدەنگی یان چۆڵی بۆ مرۆڤ کە پێشتر دەرفەتێک بوو بۆ داهێنان و بیرکردنەوە لە بوون، ئێستا بە سەیرکردنی خێرای پۆستەکان پڕ دەکرێتەوە.
مێشکمان تووشی جۆرێک لە تەمبەڵی هزر بووە ، ناتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ سەرنج لەسەر یەک بابەت کۆبکاتەوە.
بۆ نموونە، کاتێک مرۆڤێک لە سروشتدا پیاسە دەکات، لەبری ئەوەی ڕێگە بە عەقڵی بدات بگەڕێت و گەشە بکات، خێرا مۆبایلەکەی دەردێنێت بۆ گرتنی وێنەگرتن و پیشاندانی بە خەڵک بۆیە لەو ساتانەدا چێژی ڕاستەقینەی بینین لەناو دەچێت و جێگەی خۆی بۆ وەهم و خەیاڵ پڵاوی بە جێ دێڵێ.
ئێمە ئێستا ناژین بۆ ئەوەی ئەزموون ببینین لە ژیان ، بەڵکو دەژین بۆ ئەوەی پیشانی بدەین کە دەژین.
ئەم حاڵەتی دابڕانە دەرەنجامی پشت گوێ خستنی جەوهەری ڕۆح و غەفڵەتە.
لە قوڵایی مانای ڕاستەقینەی ژیان هاتوینە دەرێ و بە ڕووکەشی ژیان لە گەڵ شاشەکان، لایکەکان، ژمارەی فۆڵۆوەرەکانەوە بەستراوینەوە ، کە بە داخەوە لە جەوهەری ڕاستەقینەی بوون و پاشەڕۆژ غافڵین.
ئاینی ئیسلام جەخت لەسەر خەلوەت و تەنهاییەک دەکاتەوە کە مرۆڤ تێیدا لەگەڵ خودای خۆی خەریکی موناجات بێت، نەک ئەم تەنیاییە مۆدێرنەی کە مرۆڤ تێیدا لە خوا و لە خۆشی نامۆ دەبێت.
پێغەمبەری خودا (صلی الله علیه وسلم) پێش سپاردنی پەیامەکەی، چەندین شەو لە ئەشکەوتی حەڕا دەمایەوە بۆ تێڕامان و عیبادەت ، ئەوە ئەو جۆرە بێدەنگییەیە کە عەقڵ پێ دەگەیەنێت و ڕۆح پاک دەکاتەوە، نەک بێدەنگییەک کە بە ژاوەژاوی نامە دیجیتاڵییەکان شێواو بێت.
کاتێک سەیری واقیع دەکەین، نموونەی بەرجەستە لە دەوروبەرمان زۆرن. خێزانێک لە دەوری یەک مێزی نان خواردن کۆبوونەتەوە، کەچی هیچ گفتوگۆیەکی گەرم لە نێوانیان دایک و باوک و منداڵەکان دا نیە. هەریەکەو سەری خستۆتە سەر شاشەی موبایلەکەیەوە و خانەوادە هیچ ڕوحیەتێکی تێدا نەماوە .
ئەوان لە ژێر یەک سەقفدا دەژین بەڵام لە جیهانی تەواو جیاوازدا خەریکی گەشتن.
کاتێ ئیسلام دەڵێت : الْمُسْلِمُ أَخُو الْمُسْلِمِ خۆ هەر برایەتی بە تەنیا ببابەتەکە تێر ناکات و جەخت لەسەر سەردانیکردنی نەخۆش، سڵاوکردن و تەوقەکردن دەکاتەوە کە کینە لە دڵدا دەشواتەوە، ئێمە ئەم چەمکە قووڵانەمان گۆڕیوەتەوە بە کۆمێنتی سارد و ئیمۆجیەکی بێ هەست .
پەتە کۆمەڵایەتییەکان لە جیهانی ڕاستەقینەدا کورت بوونەتەوە، و مرۆڤ لە کاتی تەنگانەدا سەیری دەوروبەری خۆی دەکات و کەس نابینێت، چونکە ئەو هاوڕێ یانەی کە هەیەتی تەنها ژمارەیەک وێنەن لەسەر ڕوکاری شاشەی موبایلەکەیەوە.
گەشەی ڕاستەقینەی عەقڵ و ڕزگاربوون لەم تەنیاییە کوشندەیە، پێویستی بە کۆچێکی پێچەوانە هەیە، کۆچکردن لە جیهانی گریمانەییەوە بۆ جیهانی واقیعی، و گەڕانەوە بۆ ناو قووڵایی ڕۆح.
پێویستە فێربینەوە چۆن مۆبایلەکانمان بکوژێنینەوە بۆ ئەوەی دڵەکانمان داگیرسێنین.
تەنها کاتێک دەتوانین لەم دۆخە ڕزگارمان بێت کە هاوسەنگییەک لە نێوان پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و پاراستنی بەها مرۆیی و ئاینییەکانمان دروست بکەین، تا شاشەکان نەبنە پەردەیەک لە نێوانمان و لە نێوان ناسینی خودا، دۆزینەوەی خۆمان، و لێکتێگەیشتنی ڕاستەقینەی مرۆڤەکان.




